تەقینەوەی مین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو قوربانی لێکەوتەوە
پەیامی کورد … تەقینەوەی مین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو قوربانی لێکەوتەوە
لە ئاکامی تەقینەوەی مین لە سنووری شارەکانی دێهلۆڕان و قەسری شیرین سەر بە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان دوو کەس بوونە قوربانی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی دێسامبری ٢٠٢١، بە هۆی تەقینەوەی مینێک لە نزیک گوندی (فەڕۆخ ئاو) سەر بە شاری دێهلۆران، هاووڵاتییەک دەست و دەموچاوی بە سەختی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە.
ئەم کەسە کە ناسنامەکەی ڕانەگەیەندراوە، پیاوێک لە کۆچەرییەکان بووە.
ڕۆژی ڕابردووش یەکێک لە کرێکارانی بازاڕچەی سنووری پەرویزخانی قەسری شیرین بە هۆی تەقینەوەی مین دەستی بە سەختی بریندار بووە.
ئەم هاووڵاتییە کە ناسناممەکەی نەزانراوە، لەکاتی دانیشتن لە سەر تەپۆڵکەکانی نزیک بازاڕچەکە دەستی ناوەتە سەر مینێک و بووەتە هۆی تەقینەوەی مینەکە.