TR KU SO
FB X
Kurdistan

تەندروستی هەولێر لەسەر حاڵەتەکەی تای خوێنبەربوون ڕوونکردنەوە دەدات

Navas Jan
Admin
📅 07 Mayıs 2022 18:11

پەیامی کورد... تەندروستی هەولێر لەسەر حاڵەتەکەی تای خوێنبەربوون ڕوونکردنەوە دەدات

د. دلۆڤان محەممەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، ئەو منداڵەی گومانی تای خوێنبەربوونی لێ دەکرێت خۆی نەخۆشی هەوکردنی جگەری هەیە و پزیشکەکەی گومانی تای خوێنبەربوونی لێ دەکات، بۆی جیاکراوەتەوە.

د. دلۆڤان محەممەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا هیچ حاڵەتێکی پشتڕاستکراوەی تای خوێنبەربوون لە کوردستان و لە هەولێریش نەبووە، تەنیا بوونی حاڵەتێکی گوماناوی هەیە کە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و نۆ مانگە و خۆی نەخۆشی هەوکردنی جگەری هەیە، وە بەپێی وتەی ئەو پزیشکەی چارەسەری دەکات دەڵێت گومان دەکات کە نیشانەکانی ئەو منداڵە نیشانەی پەتای خوێنبەربوون بێت.

ڕونیشیکردووەتەوە، بۆیە تیمێکی پسپۆڕ سەردانی نەخۆشەکەیان کردووە و منداڵەکەش دابڕێنراوە لە نەخۆشەکانی دیکە، نموونەی لێوەرگیراوە و ڕەوانەی تاقیگەی ناوەندی عێراقی کراوە لە بەغدا، بۆ ئەوەی ئەگەر پشتڕاست کرایەوە ئەو پەتایەیە ئەوا ڕێکاری دیکە بگیرێتەبەر.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر باسی لەوەشکردووە، کە لە ٢٧ی مانگی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون، کە هەر دوو وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ تێیدا بەشدار بوون و ڕێکاری پێویستی تێدا گیرایە بەر، لە ساڵانی ڕابردووشدا لەو جۆرە حاڵەتانەی تای خوێنەبەربوون هەبووە و هاووڵاتیش هەبووە بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە، بۆیە ئێستا ڕێگای پێویست بەرامبەر ئەو جۆرە نەخۆشییانە بوونی هەیە و ڕێنمایی تەندروستی و ڤێتەرنەری بڵاوکراوەتەوە.

Paylas: