کاتی نوێ کردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی عێراق ئاشکرا دەکرێت
پەیامی کورد ... کاتی نوێ کردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی عێراق ئاشکرا دەکرێت
بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوو تۆماری دەنگدەرانی عێراق نوێ بکرێتەوە و بەرپرسێکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت، پێویستە دەنگدەران سەردانی بنکەکان بکەن بۆ نوێکردنەوەی تۆماری ناوەکانیان.
عەبدولڕەزاق موشیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ھەولێری کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق،ڕایگەیاند: "کۆمیسیۆنی باڵا بڕیاری داوە بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پڕۆسەکە لە ڕۆژی ٢ی مانگی داھاتوو بەڕێوە دەچێت و ماوەی مانگێک دەخایەنێت، نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران ھەموو دەنگدەرانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە دەگرێتەوە."
بەڕێوبەری فەرمانگەی ھەڵبژاردنەکان لە ھەولێر گوتیشی: "ئەو کەسانەی بەشدارییان لە بایۆمەتریی دەنگدان کردووە و کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووە لەگەڵ ئەوانەی بەشدارییان لە پڕۆسەی بایۆمەتری نەکردووە پێویستە سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ ئەوەی کارتەکانیان وەربگرن و ئەوانەیشی بایۆمەترییان نەکردووە دەخرێنە نێو تۆماری دەنگدان".
عەبدولڕەزاق موشیر ڕوونی کردەوە: "داو لە ھاووڵاتییان و دەنگدەران دەکەین بەشداری بکەن لە پڕۆسەکە، چونکە لە کاتی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران ھەرکەسێک کارتی نوێی دەنگدانی نەبێت، یانیش بەشداری پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدانی نەکردبێت لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق مافی بەشداریکردنی نامێنێت".