تەرمی سووتاوی مەریەم فەرەجی دۆزرایەوە
دوای نزیک بە ١٠ ڕۆژ لە بێ سەروشوێن بوونی خوێندکار و چالاکێکی مەدەنی کورد، بەناوی "مەریەم فەرەجی" تەمەن ٣٣ ساڵ، سەرەنجام رۆژی ١٦ جولای ٢٠١٨ تەرمی سووتاوی ئەم خوێندکار و چالاکە مەدەنییە کوردە دۆزرایەوە.
مەریەم فەرەجی خوێندکارێکی کوردی خەڵکی سەرپێل زەهاو بوو کە کە ماستەری کارگێڕی نێونەتەوەیی دەخوێند و مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە بۆنەی بەشداری کردنی لەخۆپیشاندانە سەرانسەرییەکاندا دەستبەسەر کراو بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەر بوو. دواتر بە کەفالەت ئازاد کرا. دواتر ئەم خوێندکارە کوردەی نیشتەجێی کەرەج بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٢ ساڵ قەدەغەبوون لەوەی کە بچێتە دەرەوەی ئێران، سزا درا. هەر لەم پەیوەندەدا محەممەد حسێن ئاغاسی پارێزەری ناوبراو بەبۆنەی ئەوەی کە،باسی لەئەگەری کوشتنی ئەو کردبوو لە زیندان کەوتبووە بەر هەڕەشەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم.
لەسەردەمی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٣٩٦دا لانیکەم ٣٧٠٠ کەس دەستگیر کران و زیاتر لە ٢٢ کەس لە زیندانەکاندا لە ژێر ئەشکەنجە و بە شێوەی جیاواز کوژران.