تا کۆتایی ئەمساڵ ئەم پڕۆژەیە لە نێوان هەولێر و دهۆک تەواو دەکرێت
پەیامی کورد ... تا کۆتایی ئەمساڵ ئەم پڕۆژەیە لە نێوان هەولێر و دهۆک تەواو دەکرێت
بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ رێگای سەرەكی ھەولێر- دھۆك لە دیوی ھەولێرەوە و تەواو بكرێت، جێگری پارێزگاریش دەڵێ، بە تەوابوونی رێگاكە، ھەولێر زیاتر دەبووژێتەوە و كاریگەری لەسەر ھاتوچۆ دەبێت.
مەسعوود كاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر، رایگەیاند: "تیمەكانی كاركردن ھەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە بۆ كۆتایی ئەمساڵ رێگای ھەولێر بۆ دھۆك تەواو بكرێت و كراوەتە دوو بەش، بەشی یەكەم لە شەقامی ١٢٠مەتری تا دەگاتە ئۆڤەرپاسی گەزنە، كە قۆناغێكە و لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە سەرپەرشتی دەكرێت و لە ئۆڤەرپاسی گەزنەش بۆ گوندی چەمە، لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە سەرپەرشتی دەكرێت".
جێگری پارێزگاری ھەولێر ووتیشی: "بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ ھەردوو سایدی رێگاكە تەواو بكرێت و بكەوێتە خزمەت ھاووڵاتیان، كە لە سەنتەری شاری ھەولێر تا پردی گۆپاڵە ٣٨ كیلۆمەترە و بە شێوەیەكی پێشكەوتوو دروست دەكرێت".
كاڕەش روونیشی كردەوە: "بە تەوابوونی رێگاكە، ھەولێر زیاتر دەبووژێتەوە، لەبەر ئەوەی ئۆتۆبانێكی نێودەوڵەتییە و ھەولێر بۆ دھۆك و ئیبراھیم خەلیل زۆر نزیك دەكاتەوە، ئەوەش كاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر رەوتی ھاتوچۆ، بە تایبەتی بۆ شارێكی وەك ھەولێر كە پایتەختی ھەرێمی كوردستانە".