توانای بەرهەمهێنانی کارەبا ٣٥٠٠ مێگاوات بەرز بووەتەوە
پەیامی کورد ... بەڕێوبەری گشتی كارەبای هەولێر ڕایگەیاند : بە هۆی دابینكردنی غازی سرووشتی و ماددە بنچینەییەكانەوە، دۆخی كارەبای هەرێم لە باشیدایە و لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ (3500) مێگاوات بەرز بووەتەوە.
حسێن حەمەد ، بەڕێوبەری گشتی كارەبای هەولێر ڕایگەیاند : "بە هۆی دابینكردنی غازی سرووشتی و ماددە بنچینەییەكانەوە، ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تێكڕا لە نێوان (3100 بۆ 3500) مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەمجۆرەش دەتوانین نزیكەی (16) كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی بۆ هاووڵاتیان دابین بكەین".
حەمەد راشیدەگەیەنێت، خواست لە سەر كارەبا و دابینكردنی غازی سرووشتی و دەستپێوەگرتنی كارەبا لە لایەن هاونیشتیمانیانەوە، سێ هۆكاری سەرەكین بۆ گۆڕانكاری لە كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبادا.
دەشڵێ، شاری هەولێر بە گشتی پێویستی بە (1800) مێگاوات كارەبا هەیە بۆ ئەوەی كارەباكەی ببێت بە 24 سەعاتی، بەڵام لە كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم لە ئێستادا تەنها (1100) مێگاوات بۆ شاری هەولێر دەنێردرێت، چونكە ئەو كارەبایەی كە بەرهەم دێت، لە رێگای تۆڕێكەوە بە یەكسانی بەسەر هەموو شارەكانی كوردستاندا دابەش دەكرێت.