تورکیا/ بە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندرا
پەیامی کورد ... تورکیا/ بە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندرا
حکوومەتی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لەو وڵاتە و تۆمارکردنی زیاترین ژمارەی توشبوون لەرۆژێکدا کە ٣٢٧٣٦ توشبوو بووە، بڕیار دراوە کۆتاییەکانی هەفتە قەدەغەی هاتوچۆی سەرانسەری جێبەجێبکرێت و رێکارەکانیش چڕتربکرێنەوە.
دوای راگەیاندنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی سەرانسەریش لە کۆتاییەکانی هەفتەدا کەبەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا دەرکراوە، دەزگاکانی راگەیاندنی تورکیا کەمێك پێش ئێستا وێنەی شەقامەکانی ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە و ئزمیریان بڵاوکردەوە کە هاتوچۆکردن بەشێوەیەکی تەواو وەستاوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی تورکیا رۆژی هەینی لەو وڵاتە کە ژمارەی دانیشتوانی ٨٣ ملیۆن کەسە، ٣٢٧٣٦ توشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراون، ئەوەش بەرزترین رێژەی توشبوونە لە شەش مانگی رابردودا.
ئامارەکان باس لەوەش دەکەن، دوێنێ لە تورکیا ١٩٣ توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و کۆی ئەوانەش کەبەهۆی پەتاکە مردون بۆ ١٤٥٠٩ کەس بەربووەوە.