TR KU SO
FB X
Kurdistan

تریلیۆنێک دینار لە بودجەی عێراق بۆ پشکی کوردستان زیادکرا

📅 05 Mart 2018 22:42

پەرلەمانی عێراق تریلۆنێک دیناری بۆ پشکی هەرێمی کوردستان زیادکرد، کە لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکی عێراق رێککەوتنی لەسەر کرابوو.
 

لە بەیاننامەیەکدا، کە رۆژی دووشەممە 5/3/2018 بڵاوی کردووەتەوە و، مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا، رایگەیاندووە، کۆبوونەوەی فوئاد مەعسومی سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەلیم جبووریی سەرۆکی پەرلەمان و حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیران دوای بێ ئومێدبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ئەنجام درا.

مەسعود حەیدەر لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە راوێژکاری لێژنەی دارایی پەرلەمان بە هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوای کرد سێ تریلیۆن دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، بەڵام حەیدەر عەبادی رەتی کردەوە سێ تریلیۆن زیاد بکات و رایگەیاند، وەزارەتی دارایی هەڵەی کردووە و دەبێ تریلیۆنێکی دیکە زیاد بکرێت، واتە بکرێتە حەوت تریلیۆن و نیو.

ئەو پەرلەمانتارە، کە وەک لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە بووە، باسی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی کردووە و رایگەیاندووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا سوور بوو لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی %60ـی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ئەو بڕگەیە داوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسندکراوە، بەو جۆرە پشکی کوردستان لە بری 6.5 تریلیۆن بووەتە 7.5 تریلیۆن دینار، بەوەش رێژەکەی لە 12.67% بۆ نزیکەی لە 14% زیادبووە.


مەسعود حەیدەر راشیگەیاند، زیادکردنی ئەو تریلیۆن دینارە لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بڕیاری لەسەر دابوو، بەڵام لە دانیشتنی پێشووی پەرلەماندا دەنگی لەسەر نەدرا، ئەمڕۆ لەسەر داوای چەند پەرلەمانتارێکی کورد خرایە دەنگدانەوە و دەنگی هێنا.

بەگوتەی مەسعود حەیدەر، پێشتر کە پشکی کوردستان 6.5 تریلیۆن بوو، ئەگەر بودجەش جێبەجێبکرایە ئەوا بەشی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی نەدەکرد، بەڵام ئێستا ئەو تریلیۆنەش بۆ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بەکاردەهێنرێت.

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان روونکردنەوەی لەبارەی ئەو زیادکردنە داوە و دەڵێت "لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەرخانکراوی مووچە و خانەنشینی بۆ مووچەخۆرانی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراق لە بڕی 334 ملیار دینار بۆ 418 ملیار دینار زیادکرا، مانگانە لەڕێگەی زیادکردنی یەک تریلیۆن بۆ (یەدەگی لەناکاو)، جگە لە تەرخانکراوی ھێزەکانی پێشمەرگە کە وەک خۆی ماوە لە یاساکە کە بەجیا خەرجدەکرێت لە تەرخانکراوی خەرجییەکانی سیادی بۆ ھێزەکانی وشکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ".



یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2018 لە 60 ماددە پێکهاتووە. کۆی بودجەکە 104 تریلیۆن و 158 ملیار دینارە. لەو بەشە تەنیا شەش تریلیۆن و 597 ملیار دینار بۆ کوردستان دانرابوو.، ئەمڕۆش (5-3-2018) تریلیۆنێک دیناری دیکە زیادکرا.
 

Paylas: