TR KU SO
FB X
Kurdistan

ئاماری نوێ سەبارەت بە ئاستی ئاوی بەندئاوەکانی هەرێمی کوردستان

سارێ بێ
Sosyal Medya
📅 24 Mart 2026 04:10

PeyamaKurd - ئاماری نوێ سەبارەت بە ئاستی ئاوی بەندئاوەکانی هەرێمی کوردستان

بەڕێوبەری پێشووی بەندئاوەکانی کوردستان ڕایدەگەێنێت، بەهۆی ئەو شەپۆلە باران بارینە چاوەڕوان نەکراوەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، ئاستی خەزن کردنی ئاو لە بەندئاوەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر باش، جەختیش دەکاتەوە کە بەنداوە بچووک و مامناوەندەکان بە تەواوی سەرڕێژ بوون و بەنداوە گەورەکانیش بڕێکی زۆر ئاویان تێدا گل دراوەتەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو، هەڵمەتێکی گەورەی بۆ درووستکردنی بەندئاوە گەورە و مامناوەندەکان دەست پێکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی سوود لە ئاوی باران وەربگیرێت و شارەکانیش لە مەترسی لافاو بپارێزرێن.

ئەکرەم ئەحمەد، شارەزا و بەڕێوبەری پێشووی بەندئاوەکانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند، ''بارانی ئەمساڵ لە دەرەوەی پێشبینییەکانمان بوو و بڕێکی زۆر باریوە، ئەمەش بووەتە هۆی بووژانەوەی سەرچاوە و کانی و کانیاوەکان لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دا.

سەبارەت بە ئاماری خەزنکردنی ئاو لە بەندئاوە گەورەکاندا، ئەکرەم ئەحمەد ووتی، ''بەنداوی دووکان سێ ملیار مەتر سێجا، بەندئاوی دەربەندیخان دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاویان تێدا کۆبووەتەوە و بەنداوی دهۆکیش نزیک بووەتەوە لە سەرڕێژبوون. هاوکات ٢١ بەندئاوی بچووک و مامناوەند بە تەواوەتی سەرڕێژیان کردووە.

ئەو شارەزایەی بواری ئاو ئاماژەی بەوەش کرد، کە شارەکانی کوردستان کەوتوونەتە نێوان ڕووبار و بەنداوەکان، بۆیە دەتوانرێت بە شێوازێکی زانستی ئاسایشی ئاو بۆ خواردنەوە، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دابین بکرێت. گوتیشی، ''دیزاینی ٨ بەندئاوی گەورەمان لەسەر ڕووبارەکان ئامادەیە، کە جێبەجێ کردنیان ئاسایشی ئاوی کوردستان بۆ چەندین ساڵی ووشکەساڵی زامن دەکات.

لە کۆتایی دا، ئەکرەم ئەحمەد پێشبینی کرد لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا (چوار و پێنج) بارانبارینی باش بەردەوام بێت، ئەمەش وا دەکات ئاوی زیاتر بڕژێتە بەندئاوەکان و ئاوی ژێرزەویش زیاتر ببووژێتەوە.

Paylas: