TR KU SO
FB X
Kurdistan

دەقی ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

📅 26 Şubat 2026 07:22
پەیامی کورد   ...   دەقی ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دوا هەڵوێستی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم و بەدواداچوونی دەرەنجامی دوا کۆبوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە پابەندی دارایی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم بەرامبەر یەکتر، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیکەی شاندی دانووستانکار خرایە ڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ نەک تەنیا مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵکوو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بوودجەی گشتی فیدراڵ بە پێی ڕێژەی 14.1ی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی عێراق بنێرێت، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان پابەندی نەوتی و دارایی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە و لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمەوە بێ کەم وکوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە، سەبارەت بە پابەندی ناردنی 120 ملیار دینار بۆ مانگی شوباتیش، ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر ئەولەویەتدان بە ناردنی ئەم پارەیە پێش هەر خەرجییەکی دیکە تاوەکوو هیچ پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەمێنێتەوە بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی مانگی شوبات و مانگەکانی دیکەش.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان لەسەر ئەم بڕگەیە، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی لە بەغدا لە ڕۆژی 2026/2/23 خرایەڕوو سەبارەت با پابەندییە داراییەکانی هەردوو حکوومەت و هەموو ئەو بەڵگە و بنەما دەستووری و قانونی و دارایی یانەش ڕوونکرانەوە کە پاڵپشتی شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەن.

لە بڕگەی دووەم دا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە ، ڕاپۆرتێکی خستەڕوو دەربارەی هەنگاوەکانی ئەم دوایی یەی جێبەجێ کردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە و پوختەی کۆ نووسی واژووکراوی هاوبەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە دەستنیشان کردنی تایبەتمەندی و ئەرک و دەسەڵاتەکانی دەڤەرەکان.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنە هاوبەشەکان، ئەم هەنگاوەی بە گرینگ و مێژوویی وەسف کرد لە ڕووی ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەستنیشان کردنی دەسەڵاتی فەرماندەیی دەڤەرەکان و پەیکەربەندی نوێی هێزەکانی پێشمەرگە، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران سوپاسی هاوبەشە نێوەدەوڵەتییەکانی کرد کە هاوکار و پاڵپشتی پرۆسەکەیان کرد. ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی ڕاسپارد بە گوێرەی کۆ نووسی هاوبەشی پەسەندکراو، کاری پێویست ئەنجام بدەن.

لە بڕگەی سێیەم و کۆتاییدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوکۆی لە بارەی پێشنیارێکی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ کرد تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە لێخۆشبوونی ڕێژەی 20% لە سزاکانی سەرپێچی هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە واتا تاکوو 2026/6/30 .

ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسەند کرد و ڕێژەی لێخۆشبوونی سزاکانی سەرپێچییەکانی هاتووچۆ، بۆ شەش مانگی دیکە درێژ کرایەوە.

Paylas: