سەرۆكی هەرێمی كوردستان : ئێمه بهشێك نین و نابینه بهشێك له جهنگ
PeyamaKurd - سەرۆكی هەرێمی كوردستان : ئێمه بهشێك نین و نابینه بهشێك له جهنگ
چوارشەممە 2026/3/25 دواى بەشداری كردنی لە پرسەی شەهیدانی پێشمەرگە كە لە هێرشى مووشهكی هێزهكانى ئێران دا شەهید بوون، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەوانان دا.
سەرەتا سەرۆکی هەرێم ووتی : "پێشەكی دەمەوێ سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان بكەم و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم. بە ڕاستی ڕووداوێكی زۆر ناخۆش بوو. ئەوەی كە دەتوانم بڵێم ئەوەیه كه هەر دواى ئهوه پەیوەندیمان بە كۆماری ئیسلامی ئێران ەوە كردووە. ئەوان دان بەوەدا دەنێن كە هەڵەیەك كراوە و بەڵێنی ئەوەیان داوە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بكەن. هاوخهمى و پەیامی سەرەخۆشییان بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە. ئێستا چاوەڕوانی ئەوەین بزانین ووڵامی كۆماری ئیسلامی ئێران چى دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان."
بێگومان لاى خۆمانەوە پێشتر زۆر بە تووندی سەركۆنەی ئەم هێرشەمان كردووە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، چونكە سیاسەتی هەرێمی كوردستان ڕوونە، ئێمە فاكتەری ئارامی و سەقامگیرین لە ناوچەكەدا. هەمیشە دووپاتمان كردۆتەوە كە ئێمە سەرچاوەی هەڕەشە نین بۆ هیچ یەك لە ووڵاتانی دراوسێ و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەتایبەتی لەناو دراوسێیەكانمان دا. هەر ئەو سیاسەتەشمان لە دەستپێكی جەنگهوه پەیڕەو كردووە. ئێمە نەبووینەتە بەشێك لەو جەنگە و نابینە بەشێك لە جەنگ. ئەوەی ئێستا هیوای بۆ دەخوازین ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی ئێران لێكۆڵینەوەی تەواو بكات و هەرێمی كوردستانیش ئاگادار بكاتەوە كە چی ڕوویداوە."
دواتر لە ووڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە بەرپرسیارییهتی حكوومەتی عێراق بهرامبهر بهو هێرشانهى دهكرێنه سهر ههرێمى كوردستان، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: "پێویستە حكوومەتی عێراق دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت وەك ووڵاتێكی خاوەن سەروەری. سەرەتا پێویستە ئەو هێرشانە ڕابگیرێن، ئهوانهى لەیاسادەرچووهكان دەیكهنە سەر هەرێمی كوردستان. ئەمە ئەركێكی حكوومەتی فیدراڵی عێراقە كە پێویستە جێ بەجێی بكات".
له ووڵامى پرسیارێكى دیكهدا بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: "ئێمە نەبووینەتە بەشێك لە جەنگ و نابینە بەشێك لە جەنگ و هیوادارین شتێكی دیكە ڕوونەدات". ههروهها ووتى: "لە ناوخۆی عێراق لە هێزە ئەمنییەكانی عێراقیش دەدرێت، هەر ئەوە نییە كە لە هەرێمی كوردستان دەدرێت، بەڵام بێگومان پێویستە سنوورێك بۆ ئەوانە دابنرێت كه لە یاسا دەرچوون."