شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانی ھەرێم کۆبووەوە
PeyamaKurd - شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کونسووڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانی ھەرێم کۆبووەوە
چوارشەممە، ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە ھۆتێل ڕۆتانا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە نێوان شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرجەم کونسووڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانی ووڵاتانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا دۆخی ئێستا و دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک مەسعوود بارزانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان خرانەڕوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە بەشداری ھۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی و ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ھۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕوونکردنەوەی پێویست لەسەر بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان و ھەوڵەکانی تایبەت بە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان درا. ھاوکات شاندی پارتی بە درێژی تیشکی خستەسەر دەست پێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعوود بارزانی بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە، ھەروەھا شیکردنەوەی ھەڵومەرجی ئێستای عێراق و ھەرێمی کوردستان و ئەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ ئارام کردنەوەی ناوچەکە بە گشتی.
لە کۆتایی دا، ھەڵوێستی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر کۆی پرسەکان بۆ سەرجەم بەشداربووان و نوێنەرانی ووڵاتان ڕوون کرایەوە.