شەهید کردنی هاووڵاتییەكی خەڵکی سەقز و دەست بەسەرکردنی سێ هاووڵاتی دیکە لەلایەن سوپای پاسداران ەوە
PeyamaKurd - شەهید کردنی هاووڵاتییەكی خەڵکی سەقز و دەست بەسەرکردنی سێ هاووڵاتی دیکە لەلایەن سوپای پاسداران ەوە
ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەشەمە، هێزەکانی سوپای پاسداران لە دەورووبەری شاری بانە دوای گەمارۆدانی ئۆتۆمبێلێک دەست بەجێ داویانەتە بەر دەستدڕێژی گوللە کە بووەتە هۆی کوژرانی گەنجێک بە ناوی ئارمان خالقپەنا، شۆفێری ئەم ئۆتۆمبێلە.
هاوکات، دوای شەهید کردنی شۆفێرەکە، سێ سەرنشینی دیکەی ئەم ئۆتۆمبێلە کە هەموویان خەڵکی سەقزن، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە بەکارهێنانی تووندوتیژییەکی زۆر دەست بەسەر کراون. ناسنامەی ئەم سێ هاووڵاتییە عەبدۆڵڵا مەهجوور لە بەندکراوانی سیاسی پێشوو، سالار ئازەر و شێخ زاهید شەهابی لە چالاکانی ئایینی کوردستان، پشتڕاست کراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک ، تا ئێستا تەرمی ئارمان خالقپەنا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە و لەگەڵ تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەست بەسەرکردنی ئەم کەسانەدا، بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم سێ هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان بێ ئاکام ماوەتەوە.