پارتی بەشداری لە کۆڕبەندی جیھانی (IDU) لە کڕواتیا دەکات
PeyamaKurd - پارتی بەشداری لە کۆڕبەندی جیھانی (IDU) لە کڕواتیا دەکات
پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بەشداری لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی یەکیتی دیموکراسی نێودەوڵەتی (IDU) لە شاری زاگرب دەکات، کە تێیدا بڕیارە لەگەڵ سەرکردە و دیپلۆماتکارانی جیھان گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییە ژێئۆپۆلیتیکییەکان و ئایندەی دیموکراسی ئەنجام بدات.
پارتی دیموکراتی کوردستان بانگھێشتنامەیەکی فەرمی بۆ بەشداری کردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی (IDU) لە شاری زاگربی پایتەختی کڕواتیا پێگەیشت، بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتی ھوشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، گەیشتنە شوێنی کۆڕبەندەکە. ئەم کۆبوونەوە جیھانییە پارتە دیموکرات خوازەکانی جیھان و ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە سیاسییەکان، دیپلۆماتکاران، داڕێژەرانی سیاسەت و بیرمەندانی ئەورووپا، ئەمریکا، ئوسترالیا و ئەفریقیا کۆدەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر تەحەدییە ئاڵۆزەکانی بەردەم دیموکراسی و گۆڕانکارییە ژێئۆپۆلیتیکییەکان.
کۆڕبەندی ئەمساڵ کە لەلایەن ئاندرێی پلینکۆڤیچ، سەرۆک وەزیرانی کڕواتیا میوانداری دەکرێت، کەسایەتی دیاری وەک ستیڤن ھارپەر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی کەنەدا و ئیندا کێنی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئێرلەندا و چەندین دیپلۆماتکاری باڵا تێیدا بەشدارن. تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان چڕدەبنەوە لەسەر گۆڕانکارییەکانی ھاوپەیمانییەتییەکان، پەیوەندییە ترانس-ئاتڵانتیکییەکان لە سەردەمی نوێ دا، ھەروەھا بابەتەکانی ئاسایش، ستراتیژیا و سەرکردایەتی لە کاتی قەیرانە خێراکاندا.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەراوێزی ئەم کۆڕبەندەدا، زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ پەرلەمانتاران و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی توێژینەوە ئەنجام دەدات. ئەم دیدارانە دەرفەتێکی گرینگن بۆ خستنەڕووی بۆچوونەکانی پارتی لەسەر پەرەسەندنەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانیان لەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراق، لەپاڵ تاوتوێکردنی سەقامگیری نێودەوڵەتی و حوکمڕانی دیموکراسی.
بەشداری پارتی ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پابەندبوونی بەردەوامی ئەو حزبە بە دیالۆگی جیھانی و بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان، و بڕیاریشە ئەمڕۆ شاندەکە بەردەوام بێت لە دیدارەکانی لەگەڵ ئەکادیمیستان و سیاسەتمەدارانی بەشداربوو.