پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پڕۆژەی "ستراتیژی ڕێڕەوی پایسکلسواری" دەکات
PeyamaKurd - پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پڕۆژەی "ستراتیژی ڕێڕەوی پایسکلسواری" دەکات
پێنجشەممە 2026.5.7، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانی، نوێنەری هاتووچۆ، بەریوبەرانی ئەندازەی هاتووچۆ، پلان دانان، گرێبەستە گشتیەكان، ئەندازەی پارێزگا، كاروباری ناوخۆ، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکانی جێبەجێ کردنی پڕۆژەی "درووست کردنی ڕێڕەو و ڕێکخستنی پایسکلسواری" لە سەنتەری شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، كە د. ئاراس برادۆستی، وەك لووتكەی تەندرووستی بەشدار بوو، پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیاری لێدراوە بخرێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە، کە ئامانج لێی خزمەتکردنی تەندرووستی گشتی و ژینگەی پارێزی پارێزگاکەیە، هەروەها هۆكارێكی بۆ کەم کردنەوەی جەنجاڵی شار و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و کەم کردنەوەی دەرچوونی گازە ژەهراوییەکانی ئۆتۆمبێل، هێواشی خوست هەولێر بە جێ بەجێ كردنی ئەو پڕۆژە گرینگە ستراتیژییە ببێتە یەكەمین شار لەسەر ئاستی هەموو عێراق وەك شارێکی دۆستی ژینگە و تەندرووست بۆ هاووڵاتییان.
ئاشكراشی كرد بۆ ئەم پڕۆژەیە، لیژنەیەکی تایبەتمەندی ڕاوێژکاری و ئەندازیاری لە پارێزگای هەولێر پێکهێنراوە کە ووردەکاری تەکنیکی و ئەندازیاری پڕۆژەکەیان ئامادە کردووە دەستخۆشیان لێدەكەین و لە نەخشەی بنەڕەتی ئەو زەوییانەشی لە ئێستادا دابەش كراوە لەلایەن شارەوانی شوێنی هاتووچۆی پایسكل و پیادەڕەو دیاری كراوە و بۆ ئەو مەبەستەش دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی شاری پاریس وەک دەستەخوشکی هەولێر و هەروەها ووڵاتی هۆڵەندا وەک پێشەنگی جیهانی لە بواری پایسکلسواری دا وەربگیرێت.
لەكۆتاییش دا، ووتی، بەو پێیەی هەولێر شارێكە بەهۆی پێکهاتە بازنەیی یەکەیەوە، زەمینەیەکی زۆر لەباری هەیە بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە و بەستنەوەی گەڕەکەکان بە ناوەندی شارەوە. بڕیارە دوای تەواوبوونی کۆتا ئامادەکارییەکان و وەرگرتنی هەموو سەرنج و تێبینییەکان، پڕۆژەکە دەست بەجێ بچێتە قۆناغی جێ بەجێ کردنەوە، كە ئەمەش دەبێتە وەرچەرخانێکی مۆدێرن لە سیستەمی گواستنەوەی پایتەختی هەرێمی كوردستان.