پڕۆژەیەکی نوێ بۆ پاراستنی ئاوی ژێر زەوی
PeyamaKurd - پڕۆژەیەکی نوێ بۆ پاراستنی ئاوی ژێر زەوی
تاقیکاری ئاوی بارانی سەربان، کە پڕۆژەیەكە ئاوی بارانی سەربانی باڵەخانەكان پاراوی ژێر زەوی دەکات و یەکێکە لە باشترین ڕێگەکان بۆ دەوڵەمەندکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی، لەلایەن پارێزگاری ھەولێر بەسەرکرایەوە.
دووشەممە 2026.4.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەم کردنەوەی فشار لەسەر ئاوی ژێرزەوی و سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سرووشتییەکان، بەیاوەری ڕێبوار كاكەیی، بەڕێوبەری ئاودێری هەولێر و نەزیر ئەسعەد، بەڕێوبەری ئاوی ژێرزەوی هەولێر و ئەندازیار و بەرێوبەری هۆبە و بەشەكانی، لە ناو باڵەخانەی بەڕێوبەرایەتی ئاودێر، پرۆژەی تاقیکاری ئاوی بارانی سەربان، کە پڕۆژەیەكە ئاوی بارانی سەربانی باڵەخانەكان پاراوی ژێر زەوی دەکات و یەکێکە لە باشترین ڕێگەکان بۆ دەوڵەمەندکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی بەسەركردەوە.
ئەم پڕۆژەیەش یەکێکە لە هەنگاوە ستراتیژییەکانی پارێزگا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی کەم بوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و لە ڕێگەی لێدانی بیرێکی تایبەت و چاڵێکی قووڵ، کە بە بەردی درشت و چەو پڕ كراتەوە بۆئەوەی ئاوەکە بە هێواشی بپاڵێورێت بۆ ناو چینەکانی خاک و دواتر بە سیستەمێکی تایبەتەوە دەیپاڵێوت و دووبارە ڕەوانەی ناو حەوز و بیرە تایبەتەکانی پاراوی ژێر زەوی دەکاتەوە، بەمەش ڕێگری لە بەفیڕۆچوونی ئاوی باران دەگیرێت و دەبێتە هۆی دەوڵەمەندکردنەوەی کۆگاکانی ئاوی ژێر زەوی.
دوای بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکە، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر، ئەندازیاران و کارمەندانی بەڕێوبەرایەتییەكە، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم پڕۆژانە بەشێکن لە دیدگای حکوومەت بۆ پاراستنی سامانی ئاو و خاک لە سنووری پارێزگای هەولێر و، جەختیشی لەوە کردەوە پێویستە ئەو مۆدێلە سەرکەوتووە لە باڵەخانەکانی تریشدا جێبەجێ بکرێت تاوەکوو پارێزگاری لە ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان بکرێت بۆ نەوەکانی داهاتوو.