نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا
پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی ٥ی ٢٠١٩ بەهۆی بەردەوامی ئاڵۆزی لە گفتوگۆ بازرگانیەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و چین، نرخی نەوتی خاو بەرزبوونەوەی تۆماركرد.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە بەراورد بە نرخی پێشووی 7 سەنت و بە ڕێژەی لەسەدا 0.1 بەرزبوەتەوە و نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە 70.30 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا بووە .
لەكاتێكدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا بە بەراورد بە نرخی پێشوتری 7 سەنت و بەڕێژەی لەسەدا 0.1 دابەزیوە و نرخی یەك بەرمیل كردویەتیە 61.11 دۆلار.
دوای ئەوەی عەرەبستانی سەعوودیە رایگەیاند دوو كەشتی نەوتی ووڵاتەكەی لەناو ئەو كەشتیانەدا بوە كە یەكشەممەی رابردو 12ی ئایار لە سنوورە ئاویەكانی ئیمارات رووبەڕووی هێرشێكی تێكدەرانە بوونەوە و دواتر رایگەیاند ئەو كارە هەڕەشەیە لەسەر سەقامگیری دۆخی ئاڵوگۆڕی سوتەمەنی، نیگەرانیەكان لەبارەی ئابووری جیهان زیاتربو.
هاوكات دوای ئەوەی هەینی رابردوو 10ی ئایار ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا بڕی 200 ملیار دۆلار باجی خستە سەر كەل وپەلی چین، گفتوگۆ بازرگانییەكانی نێوان هەردوو ووڵات گرژی و ئاڵۆزی تێكەوت.
ترامپ هۆكاری بڕیاری زیادكردنی باج-ی بۆ سەر كەل وپەلی چین بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە حكومەتی پەكین پابەند نەبوە بەو رێككەوتنانەوە كە لە دانووستانەكانی چەند مانگی ڕابردوودی نێوان هەردوو ووڵاتدا پێكەوە لەسەری رێككەوتون.
ئەوە لەكاتێكدایە، بە شێوەیەكی گشتی سزاكانی ویلایەتەیەكگرتوەكان بۆ سەر هەریەك لە ووڵاتانی ئێران و ڤەنزوئێلا-ی ئەندام لە رێكخراوی ووڵاتانی نەوت (ئۆپیك) كە پێشتر زۆرینەی داهاتی ووڵاتەكانیان لەسەر هەناردەكردنی نەوت بوە، كاریگەریەكی بەرچاوی لەسەر هەڵكشان و داكشانی نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا هەیە.