نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا
پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی ٠٤ی ٢٠٢٠ نرخی نەوتی تەكساسی ئەمریكی بۆ سەرووی سفر بەرزبووەوە، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكاش دەڵێت، لەسەر بنەمای دابەزینی نرخی نەوت، واشینتۆن ستراتیژی پاشەكەوتكردنی نەوتەكەی دەگرێتەبەر.
دوای ئەوەی دوێنێ نرخی نەوتی تەكساسی ئەمریكی دابەزی بۆ زیاتر لە ٣٧ دۆلاری ژێر سفر و نزمترین ئاستی بوو لە مێژووی بازاڕی نەوتدا تۆماری بكات، بەڵام لە كردنەوەی بازاڕەكانی ئەمڕۆدا بەرزبوەوە بۆ سەروو سفر و بە ٥٦ سەنت مامەڵەی پێوە كرا.
لەو بارەیەوە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ستراتیژی واشینتۆنی بۆ دابەزینی نرخی نەوتی ووڵاتەكەی ئاشكراكرد و وتی، لەسەر بنەمای دابەزینی نرخی نەوت، ئەمریكا ستراتیژی پاشەكەوتكردنی نەوتەكەی دەگرێتەبەر تا ئەو كاتەی نرخەكان بەرزدەبنەوە.
ترامپ راشیگەیاندووە، تاوەكوو دەگەن بە نرخێكی گونجاو بۆ نەوتی تەكساس، نەوتی ووڵاتەكەیان تاوەكوو ئاستی ٧٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە كۆگاكانیاندا پاشەكەوت دەكەن.