نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا
پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ شەممە ٦ی ٤ی ٢٠١٩ بەهۆی زیادبوونی رێژەی دامەزراندن لە ئەمریکا، وەک ئاماژەیەک بۆ باشتربونی دۆخی ئابووری جیهانی و خراپتربونی دۆخی لیبیا، ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕوو لەهەڵکشان بووە و نزیکەی لەسەدا یەک و نیوی نرخی پێشوی تێپەڕاندوە.
بەپێی زانیارییەکانی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکا 98 سەنت زیادیکردوە، کە لەسەدا 1.58ی نرخی پێشویەتی و بەوەش گەیشتوەتە 63.08 دۆلار.
هاوکات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 94 سەنت زیادیکرد، کە لەسەدا 1.35ی نرخەکەیەتی، بەوەش نرخەکەی گەیشتوەتە 70.34 دۆلار.
بەپێی ڕاگەیاندنی پسپۆڕانی بازرگانی نەوت، جگە لە پرسی لیبیا و زیادبوونی دەرفەتی کار لە ئەمریکا هاوکات دەستپێکردنی کۆبونەوە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین و ئەگەری گەیشتن بەرێکەوتن یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەوپێیەی رێککەوتنی نێوان ئەو دوو ووڵاتە کاریگەری زۆری لەسەر زیادکردنی گەشەی ئابووری دەبێت.
هەروەها بەردەوامی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکەی کە ڕووسیایە و بەردەوامی قەیرانەکانی ئێران و ڤەنزوێلا هۆکاری سەرەکی بەردەوامی بەرزبونەوەی نرخی نەوتن.