ئەمریکا مووڵەتی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندەوە
PeyamaKurd - ئەمریکا مووڵەتی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندەوە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە فەرمی مووڵەتی گشتی ڕێگەپێدانی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندەوە و پڕۆسەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی ئەو ووڵاتە چووە بواری جێبەجێ کردنەوە؛ بەرپرسێکی باڵای ئەمریکیش ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە وەک کاردانەوەیەک دێت بەرامبەر هێرشە نوێیەکانی ئێران بۆ سەر سێ نەوتهەڵگر لە گەرووی هورموز.
سێشەممە، نووسینگەی کۆنترۆڵ کردنی دارایی یە دەرەکییەکان (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕاگەێندراوێکدا ئاشکرای کرد، مووڵەتی گشتی پەیوەست بە ئێرانیان هەموار کردووەتەوە؛ بەپێی بڕیارەکە، مووڵەتی پێشووی گشتی هەڵوەشێندراوەتەوە و مووڵەتی نوێی هەموارکراوی خراوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
بەپێی بڕیارەکە، لە ئەمڕۆوە. مووڵەتی پێشووی گشتی بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە و پڕۆسەی ڕاگرتن و کۆتایی هێنان بە فرۆشتنی نەوتی ئێران دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە رۆیتەرزی ڕایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی بڕیاری دا مووڵەتی گشتی ڕێگەپێدانی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی هەڵبوەشێنێتەوە.
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئاڵۆزییە نوێیەکانی ئێران لە ناو گەرووی هورموز لە لایەن واشینتۆن ەوە بە تەواوی بێ پاساو و ناپەسەند بوون و ڕووبەڕووی "لێکەوتەی تووند" دەبێتەوە.
ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ دوای ڕاپۆرتەکەی دەستەی گواستنەوەی دەریایی شاهانەی بەریتانیا دێت کە تێیدا ڕاگەێندرابوو، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا سێ نەوتهەڵگری بازرگانی لە ناو و دەورووبەری گەرووی هورموز لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە کراونەتە ئامانج.
بەرپرسەکەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، دانووستانکارانی ئەمریکا هێشتا بە نیازپاکی و بە شێوازێکی بێ ووچان بەردەوامن لە کارکردن تا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئێران و هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەکراونەتە ئامانج.