بەیاننامەی هاوبەشی ئەمریکا و کەندئاو : پرسی مووشەکەکانی ئێران گرینگە و دەبێ چارەسەر بكرێت
PeyamaKurd - بەیاننامەی هاوبەشی ئەمریکا و کەندئاو : پرسی مووشەکەکانی ئێران گرینگە و دەبێ چارەسەر بكرێت
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەیاننامەیەکی هاوبەشی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ووڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەندئاو بڵاوکردەوە، تێیدا جەخت کراوەتەوە لەسەر گرینگی چارەسەرکردنی پرسی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بۆ ئاسایشی ناوچەکە.
ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوە چوو. کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ رۆبیۆ و وەزیری دەرەوەی بەحرەین عەبۆلەتیف بن ڕاشید زەینی ئەنجام درا، وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی هاوکاری کەندئاو بەشدار بوون، و دواتر بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە.
سەبارەت بە ئێران، بەیاننامەکە پێشوازیی لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران کردووە و جەختیان لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە گرژییەکان و ڕێگری لە بەدەست هێنانی چەکی ناوەکی لەلایەن ئێرانەوە كردەوە.
وەزیرانی دەرەوە پێداگر بوون لەسەر کردنەوەی تەنگەی هورموز بەبێ سەرانە.
هەروەها "وەزیرەکان زیاتر جەختیان لەوە کردەوە کە ئاشتی و ئاسایشی بەردەوامی ناوچەکە پێویستی بە چارەسەرکردنی تەواوی هەڕەشەکانی ئێران هەیە، لەوانەش مووشەکی بالیستی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پشتیوانی ئێران لە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا."
ھەروەھا ئیدانەی هێرشی گرووپە شیعەکانی سەر بە ئێرانیان کرد بۆ سەر ووڵاتانی کەندئاو و ڕایانگەیاند حکوومەتی عێراق بەرپرسیارە لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان لە خاکی عێراق.