ترامپ : ئەمریکا بە ڕێککەوتن یان بەبێ ڕێککەوتن، یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لەناو دەبات
PeyamaKurd - ترامپ : ئەمریکا بە ڕێککەوتن یان بەبێ ڕێککەوتن، یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لەناو دەبات
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایدەگەێنێت ئەگەر واشینتۆن و تاران بگەنە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان هەردوو ووڵات، ئەمەریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دا کاردەکات بۆ لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران.
ترامپ هەروەها هۆشداری دا لەوەی ئەگەر دانووستانەکان شکست بهێنن، ئەمریکا بژاردەی سەربازی زیاتر بۆ هەڵوەشاندنەوەی تواناکانی کۆماری ئیسلامی کە ماونەتەوە، لەبەرچاو دەگرێت.
سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت دا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی ڕۆژی یەکشەممە ووتی "ئەگەر ڕێککەوتنێک بکەین و پەیوەندی دۆستانەمان هەبێت، هەموومان پێکەوە ئەنجامی دەدەین. ئامێرەکان دابین دەکەین و یۆرانیۆمەکە کۆدەکەینەوە و لەناوی دەبەین، جا لە هەمان شوێن بێت یان شوێنێکی تر."
ووتیشی "ئێمە لەگەڵ ئەوان یان بەبێ ئەوان ئەو کارە دەکەین، بەڵام کەس ناتوانێت تەقەمان لێ بکات، ئەگەر ڕێککەوتن نەبوو، زۆر بە توندی مامەڵەی سەربازییان لەگەڵ دەکەین، دواتر خۆمان ئەو ماددەیە کۆدەکەینەوە و لەناوی دەبەین."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ووتی "ئەمریکا لە ڕێگەی سیستەمی پێشکەوتووی واڵایی ئاسمان و مانگی دەستکرد لە نزیکەوە چاودێری چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی دەکات."
ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوولا "زۆر نزیکن" لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵام هێشتا چەند پرسێک لە ئارادان.
ووتیشی کۆماری ئیسلامی ڕەزامەندیی دەربڕیوە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت، بەڵام حکومەتی ئەمەریکا دەیەوێت بڕگەیەک بخاتە نێو ڕێککەوتنەکەوە کە ڕێژیمی ئێران لە "کڕین و بەدەست هێنانی چەکی ئەتۆمی قەدەغە بکات.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ووتی موجتەبا خامنەیی لە پڕۆسەی بڕیاردان بۆ ڕێککەوتننامەکە دەور دەگێڕێت و خامنەیی بە گەنجتر و زیرەکتر و لۆژیکیتر لە باوکی ناو برد ووتی ئامادەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵی قسە بکات.
سەرۆک ترامپ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا هیچ پلانێکی نییە بۆ کەم کردنەوەی بوونی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی ٥٠ هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکەدا دەمێننەوە تا پرۆسەی دانووستان و ڕێکخستنە ئەمنییەکان دەگاتە "قۆناغی تەواو".
ووتیشی "گرینگترین شت ئەوەیە کە ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، ئێمە ناتوانین و ناهێڵین ئەوە ڕووبدات."