سوپای ئیسرائیل : بنکەکانی هەواڵگری و مووشەکی ئێرانمان بۆردوومان کرد
PeyamaKurd - سوپای ئیسرائیل : بنکەکانی هەواڵگری و مووشەکی ئێرانمان بۆردوومان کرد
یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ووڵاتەکەی، بە پشتبەستن بە زانیارییە ووردەکانی دەزگای هەواڵگری سەربازی، ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی چڕیان بۆ سەر ژێرخانی سەربازی ئێران لە تاران و دەورووبەری ئەنجام داوە.
لەم هێرشانەدا دەیان مووشەکی قورس بەسەر ئەو شوێنانەدا بەکارهاتوون کە بۆ بەرهەم هێنان و کۆگا کردنی چەک بەکار دەهێنرێن.
بەپێی ڕاگەێندراوی سوپای ئیسرائیل، گرینگترین ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج بریتین لە، بنکەیەکی گەورەی سوپای ئێران کە بۆ مەشقی سەربازی و کۆگا کردنی سیستەمە مووشەکییە دژەفڕۆکەکان بەکارهاتووە، دامەزراوەیەکی ستراتیژی وەزارەتی بەرگری ئێران بۆ بەرهەمهێنان و پاراستنی چەک و تەقەمەنی و ناوەندێکی سەرەکی بەرهەمهێنانی چەکی هێزی ئاسمانی سەر بە سوپای پاسداران.
هاوکات، ئیسرائیل جومگە ئەمنییەکانی تارانی کردووەتە ئامانج، لەوانە بارەگایەکی سەرەکی وەزارەتی هەواڵگری ئێران و ناوەندێکی فەرماندەیی باری نائاسایی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.