TR KU SO
FB X
Cîhan

 سوپای پاسداران لە لایەن بەریتانیاوە خرایە لیستی تێرۆرەوە

سارێ بێ
Sosyal Medya
📅 14 Temmuz 2026 06:19

PeyamaKurd - سوپای پاسداران لە لایەن بەریتانیاوە خرایە لیستی تێرۆرەوە

حکوومەتی بەریتانیا دووشەممە بەفەرمی ڕایگەیاند سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەخاتە لیستی تێرۆرەوە.

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند، "هەر جۆرە پاڵپشتییەک بۆ سوپای پاسداران، قەدەغە دەکرێت."

ئەم بڕیارە دوای چەندین ساڵ لە ململانێ و دووبەرەکی سیاسی لە ناوخۆی بەریتانیا لەسەر ئەم پرسە هات. بڕیارەکە بە واتای قەدەغەکردنی فەرمی سوپای پاسداران دێت و لەمەودوا هەر جۆرە هاوکارییەک بۆی، بە تاوان هەژماردەکرێت.

جگە لە سوپای پاسداران، بەریتانیا بڕیاری دا "بزووتنەوەی ئیسلامی هاوەڵانی ڕاست" (ئای ئێم سی ئار)ـیش قەدەغە بکەن، کە سەر بە سوپای قودس ە. ڕێکخراوەکە تۆمەتبارە بە ئەنجام دانی زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر جووەکان لەناو خاکی بەریتانیا.

هەروەها "فەوجی خۆبەخشانی فیدراسیۆنی ڕووسیا" (جی ئاریوو) کە لقێکی نێودەوڵەتی هەواڵگری سەربازی ڕووسیایە، خرایە هەمان لیستەوە.

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "دوای ووردبوونەوە لە هەموو بەڵگەکان، وەزیری ناوخۆ گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بنەمای تەواو هەیە بۆ ئەو بڕوایەی کە هەریەک لەم لایەنانە تێوەگلاون لە چالاکی هەڕەشەئامێزی هێزی
دەرەکی؛ بۆیە ئەم ناساندنانە بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی شانشینی یەکگرتوو پێویست بوون."

حکوومەتی بەریتانیا ئاشکرای کرد، کە بڕیاری قەدەغەکردنی سوپای پاسداران دوای تێوەگلانیان لە چەندین هەڕەشە لەناو خاکی ووڵاتەکەیان هاتووە؛ لەوانەش پیلانێک بۆ تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەوانی کەناڵی ئێران ئینتەرنەشناڵ، جگە لەئەنجامدانی چەندین هێرشی ئەلیکترۆنی (سایبەر) بۆ سەر دامەزراوە بەریتانییەکان.

ئەم هەنگاوە بڕیارەکەی حکوومەتی پێشووی پارتی پارێزگارانی ھەڵوەشاندەوە کە ئامادە نەبوون سوپای پاسداران قەدەغە بکەن.

بەریتانیا دەبێتە نوێترین ووڵات کە ئەم هەنگاوە دەنێت. تاوەکوو ئێستا چەندین ووڵات و لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، لەوانە:

-ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساڵی ٢٠١٩.

-کەنەدا ساڵی ٢٠٢٤.

-بەحرێن و سەعوودیە ساڵی ٢٠١٨.

-ئیسرائیل: ساڵانێکی درێژە وەک تێکخراوێکی تێرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکات.

Paylas: