لێدوانی نوێی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە ئێران
PeyamaKurd - لێدوانی نوێی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە ئێران
▪️سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، زەبرێکی زۆریان لە کۆماری ئیسلامی ئێران وەشاندووە و زۆرینەی توانای مووشەکی، درۆنی و هێزی دەریایی ئەو ووڵاتەیان لەناوبردووە، جەختیشی کردەوە کە تاران لەژێر کاریگەری ئەم بۆردوومانانەدا بە پەرۆشەوە داوای رێککەوتن دەکات.
▪️سێشەممە ١٩ی مەی، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێ دا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ڕایگەیاند تاران لە بارودۆخێکی زۆر خراپ دایە و بە پەرۆشەوە داوای ڕێککەوتن دەکەن؛ ئاشکراشی کرد کە زەبرێکی ئەوەندە گەورەیان لە ئێران وەشاندووە کە ئەگەر ئێستا جەنگەکە بوەستێت، "ئەوان پێویستیان بە ٢٥ ساڵ دەبێت تەنیا بۆ ئەوەی خۆیان بنیات بنێنەوە".
▪️ترامپ بۆ ڕۆژنامەنووسان هەندێک ئامارە سەربازییەکانی خستەڕوو و ئاماژەی دا، 82%ـی توانای مووشەکی ئێران لەناوچووە، زۆرینەی هەرە زۆری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان تێکشکێندراون؛ جەختیشی کردەوە، "هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی نەماوە و لەناوچووە" و سەرجەم ئەو شوێنانەی کە چەکیان تێدا دروست دەکرا، کراونەتە ئامانج و خاپوور کراون.
▪️سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بۆردوومانە بەهێزەکانەوە، چیاکان بەسەر بنکە ئەتۆمییەکان دا داڕماون. ووتیشی: "ئێستا ئێمە دەتوانین دەستمان بە یۆرانیۆمی پیتێندراو بگات، چوونکە تەنیا ئەمریکا و ڕەنگە چین یش ئەو ئامێر و توانایەیان هەبێت کە بتوانن لە ژێر ئەو چیا داڕماوانەدا دەری بهێنن." ترامپ دووپاتی کردەوە، هەرگیز رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
▪️ترامپ ڕایگەیاند، ئێران بۆ ماوەی ٤٧ ساڵ گەرووی هورموزی وەک "چەکێکی سەربازی" بەکارهێناوە، بەڵام ئێستا ئەو سەردەمە کۆتایی هاتووە و "ئەوێ ڕێڕەوێکی ئاوی نێودەوڵەتییە و هی ئەوان نییە بەو شێوەیە مامەڵەی پێوە بکەن، ئێمە دەیکەینەوە."
▪️سەبارەت بەوەی کەی لەگەڵ ئێران کۆدەبنەوە، ترەمپ گوتی: "ئەوان ئێستا بە پەرۆشن بۆ ڕێککەوتن. ڕەنگە لە ماوەی ٢ بۆ ٣ ڕۆژی داهاتوودا، یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بێت، بەڵام کاتەکە زۆر کورتە."
▪️هەروەها هۆشداری دا کە ئەگەر تاران مەرجەکان قبووڵ نەکات، "ناچار دەبین زەبرێکی تری زۆر گەورەیان لێ بدەین"، هەرچەندە هیوای خواست کە کارەکە نەگاتە ئەو ئاستە.
▪️سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند : "سەرۆک شی بەڵێنی پێدام کە هیچ جۆرە چەکێک بۆ ئێران نەنێرێت. ئەوە بەڵێنێکی زۆر جوان و گرینگە." جەختی کردەوە کە متمانەی بە قسەکانی سەرۆکی چین هەیە و ووتی : "من متمانە بە قسەکانی دەکەم و سوپاسی ئەو هەڵوێستەی دەکەم."
▪️ترامپ ووتیشی: هەرچەندە هەندێک دەڵێن ئەم جەنگە لای خەڵک ناپەسندە، بەڵام ئەو پێی وایە خەڵک پشتگیری دەکەن، چوونکە تێدەگەن کە ئەم چەکانەی ئێران هەڕەشە بوون بۆ سەر شارە گەورەکانی وەک لۆس ئەنجلس، و ئەرکی ئەو پاراستنی ئاسایشی ئەمریکایە.