ڕۆبیۆ : پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکانی ئێران بەدی هاتووە بەڵام وەک پێویست نییە
PeyamaKurd - ڕۆبیۆ : پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکانی ئێران بەدی هاتووە بەڵام وەک پێویست نییە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەێنێت گفتوگۆکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران "تا ڕادەیەک" پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینیوە، بەڵام بەگوێرەی پێویست نین و دەبێت ئێران بە ڕوونی دەست بەرداری ویستی ئەتۆمی ببێت.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هێلیسنگبۆرگی ووڵاتی سوید ڕایگەیاند، "هەندێک پێشکەوتن بەدی هاتووە، بەڵام زیادەڕەوی لە هەڵسەنگاندنی ڕێژەی پێشکەوتنەکە ناکەم و لە گرینگییەکەشی کەم ناکەمەوە. دەبێت کاری زیاتری لەسەر بکرێت."
ڕاشیگەیاند، "بەدی هاتنی ئەو پێشکەوتنە ئاماژەیەکی باشە، بەڵام بەگوێرەی پێویست نییە. هیوادارم بگەینە ئەو شوێنەی کە پێشکەوتنەکە بەگوێرەی پێویست بێت. سەرۆک ڕایگەیاندووە ئێمە ڕێککەوتنێکی باشمان لا پەسەندترە لە شەڕ]."
ڕۆبیۆ بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، حکوومەتی ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت ئێران بەتەواوی دەست بەرداری چالاکی ناوەکی ببێت، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی تەواوەتی سیستەمی باج و سەرانە لە گەرووی هورمز.
مارکۆ ڕۆبیۆ دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی ناتۆ لە سوید ڕایگەیاند ئەمریکا داوای هاوکارییەکی دیاری کراوی لە ناتۆ نەکردووە سەبارەت بە تەنگەی هورمز، بەڵام ئەگەر ئێران ڕەتی بکاتەوە تەنگەکە بەڕووی کەشتییەکاندا بکاتەوە، ئەوە پێویستە "پلانی جێگرەوە" هەبێت.
ڕاشیگەیاند ڕژێمی ئێران دەیەوێت سیستەمێکی کۆکردنەوەی سەرانە لە گەرووی هورمز دابنێت و بۆ ئەم مەبەستە کاردەکات بۆ ئەوەی عوممانیش ڕازی بکات بە بەشداری کردن لەو سیستەمەدا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە لەوەی پێویستە پلانێکی نێودەوڵەتی هەبێت، بەتایبەت لەگەڵ ووڵاتانی ئەندامی ناتۆ، بۆ ئەگەری بەردەوامی هەراسان کردنی هاتووچۆی کەشیوانی لەلایەن ئێران ەوە و ڕایگەیاند، "لەو سیناریۆیەی ئەگەر لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئێران سووربێت لەسەر داخستنی گەرووی هورموز، دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە کە چی بکرێت و کێ بیکات."