TR KU SO
FB X
Cîhan

ڕۆیتەرز : ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران سندووقێکی وەبەرهێنانی 300 ملیار دۆلاری لەخۆدەگرێت

سارێ بێ
Sosyal Medya
📅 17 Haziran 2026 06:34

PeyamaKurd - ڕۆیتەرز : ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران سندووقێکی وەبەرهێنانی 300 ملیار دۆلاری لەخۆدەگرێت

بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی ئاژانسی ڕۆیتەرز، چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، سندووقێکی وەبەرهێنانی تایبەت بە بڕی 300 ملیار دۆلار لەخۆدەگرێت بە مەبەستی هاندانی وەبەرهێنان لە ئێران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە کە پێش وەختە زیاتر لە نیوەی ئەو بڕە پارەیە (زیاتر لە 150 ملیار دۆلار) لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بەڵێنی لەسەر دراوە.

سەرچاوەکە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئەم سندووقە کە ناوی "سندوقی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"ـە، هیچ پارەیەکی حکوومی یان بەخشینێکی تێدا نییە و بەرنامەی قەرەبووکردنەوەش نییە، بەڵکو سندوقێکی وەبەرهێنانی تایبەتە. تا ئێستا کۆمپانیاکانی ئەمریکا، ووڵاتانی عەرەبی کەندئاو، ئاسیا، ئەمریکای باشوور و ئەفریقیا (لە نێویاندا کۆمپانیاکانی کۆریای باشوور، ژاپۆن، سەنگافورە و مالیزیا) بەڵێنی دابین کردنی پارەکەیان داوە.

ئەم هەنگاوە وەک هاندانێکی ئابوورییە بۆ هەردوو لا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی. ئامانج لە ڕێککەوتنەکە کۆتایی هێنانە بەو جەنگەی کە دوای هێرشی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات دەستی پێکرد، هەروەها هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورموزە کە ڕێڕەوێکی سەرەکییە بۆ نەوت و گازی جیهان.

بەپێی زانیارییەکان، سەرەتا ئێران داوای 400 ملیار دۆلاری وەک قەرەبووی زیانەکانی جەنگ لە ئەمریکا کردبوو، بەڵام واشینتۆن ڕەتی کردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە بیرۆکەی درووست کردنی ئەم سندووقە بێتە ئاراوە.

لەلایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێک دا ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران تەنها لە کاتێک دا دەتوانێت دەستی بەم سندووقە بگات کە پابەندی ڕێککەوتنەکەی واشینتۆن بێت، کە بریتییە لە : هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو، و قبووڵ کردنی سیستەمێکی تووندی پشکنین.

جێی باسە، ئەم سندووقە بەتەواوی جیاوازە لە پرسی ئازادکردنی سەرمایە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە دەرەوە. سندووقەکە تەنها دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی دەکەوێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە، و بڕیارە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا دوای واژووکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن، ووردەکارییەکانی کارکردنی دابڕێژرێت.

 

Paylas: