ھێرشی ئێران بۆ سەر كووەیت و بەحرەین و تێكشكاندنی ئامانجەكان لە لایەنی سیستەمی بەرگرییەوە; خستنەخوارەوەی چوار درۆن لە گەرووی ھورموز
PeyamaKurd - ھێرشی ئێران بۆ سەر كووەیت و بەحرەین و تێكشكاندنی ئامانجەكان لە لایەنی سیستەمی بەرگرییەوە; خستنەخوارەوەی چوار درۆن لە گەرووی ھورموز
بەرەبەیانی شەممە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، هێزەکانیان ٤ درۆنی هێرشبەری ئێرانییان خستووەتە خوارەوە کە بەرەو گەرووی هورمز دەڕۆیشتن، جەختیشی کردەوە ئەو فڕۆکانە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بوون بۆ سەر جووڵەی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا.
سێنتکام لە بەیاننامەیەک دا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە، درۆنەکان لە جۆری هێرشبەری تاک ئاراستە بوون و بەرەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکە ئاراستە کرابوون.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دوای ئەوە، هێزەکانی ئەمریکا چەند هێرشێکیان کردووەتە سەر پێگەکانی راداری چاودێری کەنارئاوەکانی ئێران لە ناوچەی "گورک و دوورگەی قشم"، بە مەبەستی رێگری کردن لە هێرشی زیاتر و پاراستنی کەشتیوانی نێودەوڵەتی.
فەرماندەیی ناوەندی جەختی کردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە دۆخی ئامادەباشی بەرزدا دەمێننەوە و توانای ووڵامدانەوەی هەر دەست درێژییەکی ئێرانییان هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم رێکارە سەربازییانە لە چوارچێوەی بەرگری کردن لە خۆ و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەدا بووە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی بە تۆڕی CNN-ی ڕاگەیاندووە، هاوکات ئێران لەگەڵ تەقە کردنەکان دا چەند درۆنێکی بە ئاراستەی گەرووی هورموز ڕەوانە کردووە.
هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، بە مووشەکی بالیستی بنکەکانی ئەمریکای لە کووەیت و بەحرەین بۆردومان کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، تەقەیان لە ٤ نەوت هەڵگر کردووە کە ویستوویانە بێ مووڵەتی ئەوان بە گەرووی هورموزدا تێپەڕ بن.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند؛ ئێران ٧ مووشەکی بالیستی ئاراستەی کوەیت و بەحرەین کردووە، بەڵام توانیویانە ٦ مووشەکیان لە ڕێگەی سیستەمە بەرگرییەکانەوە تێکبشکێنن و مووشەکی حەوتەمیش نەگەیشتووەتە ئامانجەکەی.
پێنتاگۆن جەختی کردەوە، هیچ زیانێکی گیانی لە ڕیزەکانیان دا نییە و ئەو دەنگۆیانەی ئێران کە دەڵێت زیانیان بە فرقەی پێنجەمی دەریایی ئەمریکا لە بەحرەین گەیاندووە، دوورن لە راستی.