100 بەرپرسی باڵای پێشووی سەربازی سیناریۆی ڕووخانی سیستهمی ئیسرائیل تاوتوێ دەکەن
پەیامی کورد... 100 بەرپرسی باڵای پێشووی سەربازی سیناریۆی ڕووخانی سیستهمی ئیسرائیل تاوتوێ دەکەن
ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆت ئاماژهی بهوهكردووه ١٠٠ بەرپرسی باڵای پێشووی سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل کۆنفرانسێکی بەپەلەیان بەڕێوەبردوه بۆ تاوتوێکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ سیناریۆکانی داڕمانی سیستهم.
ڕۆژنامەکە ئاشكرایكردووه، بەشداربووانی کۆنفرانسەکە باسیان لە شێوازەکانی کارکردن بۆ پاراستنی دادگای باڵا و سوپا و پۆلیس "لە حاڵەتەکانی ڕووخانی سیستهم لە ئیسرائیل" کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن بەرامبەر بە هەموارکردنی دهسهڵاتی دادوەری کە دەسەڵاتەکانی دادگای باڵا بۆ سەرپەرشتیکردنی بڕیارەکانی حکومەت کەمدەکاتەوە.
ماوەی ٣٠ هەفتەیە ناڕەزایەتی لە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت و داوا لە حکومەت دەکرێت پاشەکشە بکات لە ڕەشنووسی یاساکانی هەموارکردنەوەی دەسەڵاتی دادوەری.
هەر لە هەمان چوارچێوەدا، دادگای باڵای ئیسرائیل پێنجشهممه، دوای پێنج كاتژمێر کۆتایی وتووێژی هێنا بەبێ ئەوەی بڕیارێک بدات لەو داواکارییانەی پێشکەشی کردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای مەحاڵبوون کە سنووردارکردنی لادانی سەرۆکوەزیرانە، کە یەکێکە لەو هەموارکردنانهی كه مشتومڕی زۆری لێكهوتوهتهوه.
ئۆپۆزسیۆن پێی وایە یاسای هەموارکردنەوەی دادوەری کە لەلایەن کنێست (پەرلەمان)ەوە پەسەندکراوە، پارێزگاری بۆ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران دابین دەکات، کە دادگای ناوەندیی سهیری ئهو تۆمهتانه دهكات كه ڕووبهڕووی كراونهتهوه، كه بریتین لە بەرتیلدان و شکاندنی بەڵێن و متمانە و ساختەکاری، هاوکات ئەو ڕەتیدەکاتەوە کە تۆمهتهكان ڕەوایەتییان هەبێت.
ناڕەزایەتییەکان سەرباز و ئەفسەرانی یەدەگیشی گرتوهتهوه، هەزارانیان ڕهتیانكردهوه ناوی خۆیان بۆ خزمهتی سهربازی تۆماربكهنهوه ئەگەر هاتوو حکومەت بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەری.
پێشتر یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل بەشداریی لە دانیشتنێکی نائاسایی لیژنەی کاروباری دەرەوە و ئاسایشی پەرلەمانی کرد، کە لە بارەگای وەزارەتەکە بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێکردنی کاردانەوەکانی ڕاگەیاندنی هەزاران سەرباز و ئەفسەر بۆ ڕاگرتنی کاری خۆبەخشی لە ڕیزەکانی سوپادا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە تێپەڕاندنی گۆڕانکارییە دادوەرییەکان.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر زیاتر لە ٦٠ ئەفسەری هەواڵگری ئیسرائیل نیازی خۆیان بۆ ڕاگرتنی خزمەتگوزاری یەدەگ ڕاگەیاند وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەموارکردنی دادوەری.