ئۆكراینا: تا ئێستە زیاتر لە 431 هەزار سەربازی رووسیمان كوشتووە
دەستەی ئەركانی سوپای ئۆكراینا ڕایدەگەیەنێت، لەوەتەی جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا دەستی پێ كردووە، زیاتر لە 431 هەزار و 550 سەربازی رووسیمان كوشتووە، جیا لە زیانێكی زۆر بە چەك و كەلوپەلە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئادار_ی 2024 پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی "ئەهرام"ی میسری، لە ئاژانسی هەواڵیی "یۆكرین فۆرم"ی ئۆكراینیی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، لە دەستپێكی جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا، زیاتر لە 431 هەزار و 550 سەربازی رووسی كوژراون، جیا لە زیانگەیاندن بە چەك و كەلوپەلی سەربازیی ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەش كرد، لەوەتەی جەنگەكەوە زیانە سەربازییەكانی رووسیای بریتییە لە تێكشكاندنی شەش هەزار و 809 تانك، هاوكات تێكشكاندنی 13 هەزار و 14 ئۆتۆمبێ و بارهەڵگر و تانكەری سەربازی.
باسی لەوەش كرد، 10 هەزار و 668 سیستمی تۆپهاوێژ و 10 هەزار و 17 سیستمی مووشەكیی راجیمەمان وێران كردووە، جیا لە تێكشكاندنی720 سیستمی بەرگریی ئاسمانی و 347 فڕۆكە و 325 هەلیكۆپتەر، هاوكات 26 كەستیی سەربازیی رووسیامان وێران كردووە، جییا لە خستنە خوارەوەی هەشت هەزار و 308 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان "درۆن"، هەروەها تێكشكاندنی یەك ژێردەریایی.
ڕۆژی 24ی شوباتی 2022 جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە.
هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.