عێراق 18 ملیار دۆلار قەرزداری ئێرانە
پەیامی کورد... عێراق 18 ملیار دۆلار قەرزداری ئێرانە
بەرپرسی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق رایدەگەیەنێت: عێراق 18 ملیار دۆلار قەرزی لەلای ئێرانە و ئەمریكا رێگەی داوە تەنیا 500 ملیۆن دۆلار بدرێتەوە.
حەمید حوسێنی، بەرپرسی ژووری بازرگانیی ئێران – عێراق رایگەیاند: عێراق پارەی كارەبا و گازی ئێران لە هەژمارێكی بانكی بەناوی كۆمپانیای نیشتمانی گازەوە دادەنێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئێران ناتوانێت دەستی بگاتە ئەو پارانە.
وتیشی: پارەكانی ئێران لە بانكێكدان ملكەچی بڕیارەكانی ئەمریكایە و تەنیا بە ئەو شمەكانە دەدرێت كە سزاكان نایانگرێتەوەو لە سەردانەكەی مانگی رابردووی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق رێگەدراوە بە ئازادكردنی بڕی 500 ملیۆن دۆلار لەو پارانەی ئێران كە لە بانكەكانی عێراقدان.
ئاماژەی بەوەشكردووە: باشترین كارێك لەبەرامبەر ئەو پارانەدا بكرێت، ئەوەیە لەنێوخۆی عێراق وەبەرهێنانی پێوەبكرێت و دەڵێت، “ئەوە مانای دەستبەرداربوونمان نییە لەو پارانە.
وتوشیەتی: داهاتی رۆژانەی نەوتیی عێراق لەنێوان 250 بۆ 300 ملیۆن دۆلار دەبێت، بەپێی بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو پارانە دەچێتە بانكی فیدراڵیی ئەمریكا و دواتر بانكە ئەمریكییەكە بڕیاری حەواڵەكردنی ئەو پارانە بۆ بانكەكانی عێراق دەدات و بەشێك لەو پارانە بە كاش دەدرێت.
دەشڵێت: ئەمریكا چاودێری بازاڕی دراوی عێراق دەكات، بەڵام هەموو چالاكییە بانكییەكانی عێراق لە رێگەی بانكەكانەوە ناكرێت و ناكرێت رێڕەوی هاتنی دراوە بیانییەكان بۆ ئێران رابگیرێت.