عێراق دەنگی بە بڕیارەکەی دژی ڕووسیا نەدا
پەیامی کورد... عێراق دەنگی بە بڕیارەکەی دژی ڕووسیا نەدا
نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی بۆ داواکردن لە ڕووسیا بۆ دەستبەجێ ڕاگرتنی بەکارهێنانی هێز لە ئۆکراینا خستە دەنگدانەوە و ٣٥ وڵات لە نێویشیاندا عێراق و ئێران ئامادە نەبوون دەنگ بدەن و ٥ وڵاتیش دژی بڕارەکە دەنگیاندا.
لە کۆبونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارێک تایبەت بە داوا کردن لە ڕووسیا بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی بەکارهێنانی هێز لە ئۆکراینا خرایە دەنگدانەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هەریەکە لە وڵاتەکانی "ڕووسیا، بێلاڕووس، سووریا، کۆریای باکوور و ئەریتیریا" دژی بڕیارەکە دەنگیاندا و لای خۆشییەوە ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی زیاتربوونی گرژییەکان.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە، هەروەها ٣٥ وڵات ئامادە نەبوون دەنگ بدەن، بەشێک لەوانەش "چین، هیندستان، باشووری ئەفریقا، کازاخستان، پاکستان، کوبا و ئێران و عێراق" بوون.
سەرەڕای ئەوەش بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بە چەپڵەوە پێشوازییان لێ کرد.