عێراق/ پیاوان زیاتر لە ژنان پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن
پەیامی کورد... عێراق/ پیاوان زیاتر لە ژنان پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن
ئەمڕۆ پێنجشەممە میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە ڕێژەی خۆکوشتن لەنێو فەرمانبەر و ئەفسەرانی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە هەڵکشاندایە و ئەو وەزارەتە لە سەرجەم وەزارەتەکانی تر زیاتر حاڵەتەکانی خۆکوشتنی تێدا تۆمار دەکرێت.
ڕۆژی چوارشەممە لە بەغدا ئەفسەرێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە نێو یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بەو وەزارەتە لەڕێگەی چەکێکی کڵاشینکۆفەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
میدیاکانی عێراق لەسەر زاری سەرچاوەکانیان لە وەزارەتی بەرگریی ڕوونیان کردەوە، «وەزارەتی بەرگریی عێراق یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە زۆرترین ڕێژەی خۆکوشتن لەنێو فەرمانبەرەکانیدا تۆمار دەکرێت بە بەراورد بە فەرمانبەری فەرمانگەکانی تر».
هاوکات عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ساڵانە ئامارەکانی خۆکوشتن تێیدا هەڵدەکشێن، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش لە ڕاپۆرتی کۆتایی ساڵی ٢٠٢١دا، «هۆشداریدایە حکومەتی عێراق لە هەڵکشانی ئامارەکان».
لای خۆیەوە خالید موهەنا، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ناوخۆی عێراق و توویەتی: «ساڵی ڕابردوو ٧٧٢ کەس لە عێراق خۆیان کوشتووە، لەنێو ئەو ڕێژەیەشدا ٦٠٪یان پیاو بوون و ٤٠٪یان ژن بوون، هۆکاری سەرەکی زۆرینەی حاڵەتەکانیش هەژاری و کێشەی کۆمەڵایەتی بووە».