عێراق رەتی دەکاتەوە ھێزە ئەمنییەکانیان لە بەغدا خستبێتە ئامادەباشییەوە
پەیامی کورد... عێراق رەتی دەکاتەوە ھێزە ئەمنییەکانیان لە بەغدا خستبێتە ئامادەباشییەوە
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە خستنە ئامادەباشی ھێزە ئەمنییەکان لە بەغدا دەکەن و بە دوور لە ڕاستی لە قەڵەم داوە.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانە کە باس لە ئامادەباشی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەغدای پایتەخت دەکەن، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردوە و رەتی کردەوە کە بڕیارێکی لەو شێوەیە درابێت.
لە ڕوونکردنەوەکەدا ھاتووە "ژمارەیەک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵگەنامەیەکی نھێنی بڵاوکراوتەوە کە تیایدا باس لەوە دەکات، سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان لە بەغدا، خراونەتە ئامادەباشی لە جۆری (ج)وە".
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا راشیگەیاندووە "لێرەوە بۆ ھەموو لایەک ڕوون دەکەینەوە کە ئەو ھەواڵە ھیچ بنەمایەکی نییە و دوور لە ڕاستییەوە".
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا داوایشی لە میدیاکان کردووە کە لە گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان، تەنھا پشت بەسەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.
پێشتر لە ژمارەیەک میدیا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، سەرجەم ھێزە ئەمنییەکانی لە بەغدا خستووەتە ئامادەباشی لە جۆری "ج"ەوە.
میدیاکان ئاماژەیان بەوەیشدابوو کە لەسەر فەرمانێکی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، ھێزە ئەمنییەکان لە بەغدا، لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداوە خراونەتە ئامادەباشییەوە.
ئەمەیش لە کاتێدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ھێزەکانی ئەمریکا لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق جوڵەی سەربازییان ئەنجامدا، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق ئاماژەیان بەوەدا کە ئەوە پرۆسەیەکی ڕۆتین بوو و ئامانج لێی ئاڵوگۆڕی ھێزەکانی ئەمریکا بوو لە بنکە سەربازییەکان لە عێراق.