بە هۆی باران بارینی بە هێز لە باکووری ئێران چوار کەس کوژران
بارینی بارانی بە گوڕ کە لە ڕۆژی ڕابردووەوە لە پارێزگاکانی باکووری ئێران دەستی پێکردووە بوەتە هۆی ئەوەی خەڵکی هەندێک لە ناوچەکان زەرەر و زیانێکی گەورەیان بەر کەوێت
بە پێی هەواڵ و زانیارییەکان لە کەناڵە ناوخۆییەکانی ئێران لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە لە دوێنێ هەینییەوە بارانێکی بەخۆڕ لە پارێزگاکانی باکووری ئێران و بەتایبەت مازندەران، گیلان و گولستان دەستی پێکردووە و بەم بۆنەوە 15 هێڵی سەرەکیی کارەبا لە پارێزگای مازندەران پچڕاوە و ئاو چووەتە ناو گەڕەکی چەندین شار و خەڵک ماڵەکانیان چۆڵ کردووە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لافاوێکی زۆر لە شاری ڕامسەر هەستاوە و چەندین گەڕەک بوونەوە ژێر ئاوەوە و چوار کەس گیانیان لەدەست داوە و هەندێ میدیای دیکە باس لە گیان لەدەستدانی دوو کەس دەکەن.
هەرچەندە هۆشداری پێویست پێشتر بە خەڵکی ناوچەکە ڕاگەێندرا بوو بەڵام هەمدیسان گرفتاری ئەم ڕووداوە بوون و کەسێک بە هۆی هەورە تریشقەوە جەڵتەی دڵ لێیدا و کوژرا