بەپەلە ... ١٠٠ قوتابخانە لە لۆڕستان لە ناو چوون
پەیامی کورد ... لافاو لە لوڕستان نزیک بە ١٠٠ قوتابخانەی لەو پارێزگایە لە ناو برد .
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان لە ڕێکخراوێک کە ناوی "نێهزەتی سەوادئامووزی"یە ، نوێنەری تایبەتی وەزیری پەروەردە و بەرهەم هێنان لە لۆڕستان، باسی لە لەناوچوونی ٨١ قوتابخانە و ٣٤٤ پۆلی وانە ووتنەوە کردووە و هەروەها باسی لەوە کردووە، کە ٥٥٠ قوتابخانە، پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە و کەرەستەی ١٢١ قوتابخانە لە لافاوەکانی ئەم دواییانەدا لە لوڕستاندا لە نێو چوونە.
لە دوای بارینی بارانی زۆر و سەرڕێژبوونی چەم و بەندئاوەکان لە لۆڕستاندا، زۆربەی ناوچە و گوندەکانی ئەو پارێزگایە چوونەتە ژێر ئاوەوە و خەڵک تووشی باروودۆخیکی نالەباری مادی و دەروونی هاتوون و بەرپرسانی ئێرانیش هیچ هەوڵێکی بەرچاو بۆ بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو نادەن، کە لە داهاتوودا بەدیهاتنی کێشەگەلێکی قووڵی کۆمەڵایەتی و ڕۆحی و جەستەیی لێ دەکەوێتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، لە دوای هاتنی بوومەلەرزە لە کرماشان و سەرپێڵی زەهاو و دەوروبەریدا، زیاتر لە ٢٤٠ نموونەی خۆکوژی ڕووی داوە و ئەمە لە لێکەوتەکانی کەمتەرخەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بەرانبەر بە لێقەوماوانی ڕووداوە سرووشتییەکان.