TR KU SO
FB X
Cîhan

بەم هۆکارە گرینگەوە جیگرەکەی قاسم سلێمانی داوا لە میلیشیا سەربازییەکانى عێراق دەکات دان بەدەرئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بنێن

سارا
Yazar
📅 25 Aralık 2021 19:25
پەیامی کورد     ...   بەم هۆکارە گرینگەوە جیگرەکەی قاسم سلێمانی داوا لە میلیشیا سەربازییەکانى عێراق دەکات دان بەدەرئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بنێن

بەهۆى مەترسی پێکدادان و پەرتەوازە بوونى ماڵى شیعەکان لەعێراق ، کۆماری ئیسلامی ئێران لەچەندین لاوە خەریکی جمووجۆڵى نهێنیە بۆ یەکخستن و لەقاودانى میلیشیا نزیکەکانى رژێمەکەى، کە ماوەیەکە بەبێ گەڕانەوە بۆ تاران هێزەکانیان نیشانى حکوومەتى بەغدا دەدەن.

لەدواى لەناوبردنى قاسم سلێمانى، فەرماندەى پێشووى سوپاى قودس، لەسەرەتاى ساڵى ٢٠٢٠ لەنزیک فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا، سەرجەم کێشە و ناکۆکییەکانى میلیشیا چەکدارە شیعەکان تەقینەوەو، رژێمى تاران یش ترسی لەوەیە ئەو گرووپانەی کە لەدواى ٢٠٠٣ ـەوە تاوەکوو ئەمرۆ دەسەڵاتدارى عێراقیان بەدەستەوە لەدەستیان بچێت.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانى ئەم دواییەى عێراقیش مەترسییەکانى ئێرانی جیددی تر کردووە، بەتایبەت لە دوای دۆڕاندنى زۆربەى گرووپە میلیشیاییەکان و، بردنەوەى نەیارە سەرسەختەکەى لە هەڵبژاردن کە لە ١٠ تشرینی یەکەمى رابردوو بەرێوەچوون.
تاران چەندین جار بۆ هێورکردنەوەى توڕەیی ئەو گرووپانە دەستى وەرداوەتە نێو کاروبارى بەغدا، کەئەو میلیشیانە بەردەوام کێشەو ناسەقامگیرییان بۆ حکوومەت درووست دەکرد.

لەهەمان کاتیشدا ئێران نایەوێ پاوانخوازییەکانى لەو ووڵاتە لەدەست بچێت، بەتایبەت ئێستا رژێمەکەى سەرقاڵى دانووستاندنێکى ئاڵۆزە لەگەڵ ووڵاتە زلهێزەکانى جیهان بۆ یەکلایی کردنەوەى پرسە ئەتۆمییەکەى.

دواى هێرشکردنە سەر ماڵى مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانى عێراق و، تومەتبار کردنى سەرکردە باڵاکانى میلیشیا نزیکەکەکانى ئێران، ئەو رژێمە لەسەر ئاستى باڵا دەستى وەردایە نێو ڕەوشەکەو، هەوڵیداوە پرۆسەکە هێور بکاتەوەو، بگاتە رێکەوتنێکى سیاسیی لەنێوان هەردوو گرووپ.
چەندین بەرپرسانى ئەمنى و سیاسی و تەنانەت بەشێک لەدیپلۆماتە بیانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە " ئیسماعیل قائانی، فەرماندەى سوپاى قودس و جێگرەوەى سلێمانى، بەخێرایی گەیشتە بەغداو دەستى بەئەنجامدانى چەندین کۆبوونەوەى فراوان کرد".

هاوکات قائانى پەیامێکى گرینگی ووڵاتەکەى بۆ ئەو گرووپانە پێ بووە کەئامادە نین، دان بەئەنجامی هەڵبژاردنەکان بنێن، کە بووەتە هۆى بردنەوەى موقتەدا سەدر، رێبەرى ڕەوتى سەدر.
پوختەکەى پەیامەکەى بریتی بوو لەوەى دەبێت " سەرجەم میلیشیاکان کەدەستیان بەئاڵۆزی و ناسەقامگیری کردووە، ئەنجامەکان قبوڵ بکەن"، هۆکارکەش بۆ دەگەرێتەوە کە مەترسییەکى گەورە هەیە پێکدادانێک لەنێوان گرووپە شیعەکانى سەر بەئێران و ڕەوتى سەدر دروست بێت.

قائانى ئەوەشى ووتبوو " ئەو هێرش و هەڕەشانە گەورەترین مەترسییە بۆ لەدەستدانى پێگەکانیان لەعێراق". هێرشکردنە سەر ماڵى کازمی لە ٧ تشرینى دووهەمى رابردوو، وەچەرخانێکى گەورە بوو، لەو ئاڵۆزییەى چەندین مانگە لەنێوان حکومەت و گرووپە میلیشیاکاندا هەبووە.

هاوکات بیانوویەکیش بۆ حکوومەتى بەغدا بوون، بۆ ئەوەى هەڵوێست و رێکارەکانى بەرامبەریان تووندو تۆڵتر بکات. جگە لەوانەش کازمی لەدواى ڕاگەیاندنى ئەنجامە بەراییەکان پاڵپشتى لەسەدر کردو، بەرامبەر هاوپەیمانى فەتح وەستایەوەو، ئەمەش زیاتر ئەو گرووپانەى توڕەتر کرد.

لەبەشێک لەو کۆبوونەوانەى لەنێوان قائانی و گرووپە میلیشیاکاندا لە ماڵى یەکێک لەکەسایەتیە دیارەکانى تاران لەبەغدا بەرێوەچوون، فەرماندەى سوپاى قودس، ڕەخنەیەکى تووندی لەدوو گرووپی سەرەکی میلیشیاکان گرتووەو، پێی ڕاگەیاندوون کە ئەوان " زۆر بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵ ئەنجامەکانى هەڵبژاردن دا کردووە".
دواتر قائانى داواى لەهەردوو سەرکردەى گرووپە میلیشیاکان کردووە کە " کۆنترۆڵى هێزەکانیان و لایەنگرانیان بکەن".

بەجۆرێک یەکێک لەسەرچاوەکان ئاشکراى کردووە " لایەنە ئێرانییەکان لەو کۆبوونەوەیە زۆر توڕە بوونەو، لەگرووپە میلیشیاکانیان پرسیوە ئێوە شەڕى ناوخۆیی نێوان شیعەکانتان دەوێت؟".
بەڵام خاوەنى ئەو هەڵوێستە لەلایەن سیاسییەکان و سەرچاوەکانەوە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام زۆربەى بوچوونەکان بۆ فەرماندەى هەواڵگرییەکانی ئێران دەگەرێننەوە.

گرینگترین پەیامەکەى قائانى بۆ گرووپە عێراقییەکان بریتی بووە " لەهێورکردنەوەى ڕەوشەکەیەو، ڕاگرتنى ناسەقامگیرییەکانى عێراق".هەرچەندە حکوومەتى تاران ئیدانەى هێرشەکەى ماڵى کازمی کردووە، بەڵام سوپاى پاسداران هیچ هەڵوێستێکى خۆى لەو پرسە نیشان نەداو، بەڵکو بێدەنگی هەڵبژاردووە.

لەدواى کوشتنى سلێمانى قائانى، بوو بە فەرماندەى سوپاى قودس، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەتەواوەتى نەیتوانى هەمان هەنگاوەکانى فەرماندەى پێش خۆى جێبەجێ بکات لەکۆنترۆڵکردنى گرووپە میلیشیاکانی عێراق.

Paylas: