بۆ ڕێگری لە کۆچبەران تورکیا هێزی ڕەوانەی سنوور کردووە
پەیامی کورد … بۆ ڕێگری لە کۆچبەران تورکیا هێزی ڕەوانەی سنوور کردووە
تەنها لەمساڵدا لەسنورەکانى ئێرانەوە زیاتر لە ٢٨٠ هەزار کۆچبەر رێگریان لێکراوە بچنە ناو خاکى تورکیا، ئەو وڵاتەش رێکارەکانى سەرسنور بە ناردنى هێزێکى تایبەتى پۆلیس توندتر دەکاتەوە.
حسێن کورشات، بەڕێوەبەرى گشتى کاروبارى پارێزگاکان لە ئەنقەرە بۆ بەدواداچوون لە پڕۆسەى دانانى دیوارى کۆنکرێتى لە نێوان تورکیا و ئێران، سەردانى پارێزگاى وان-ى کرد کە هاوسنورە لەگەڵ ئێران.
لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پڕۆسەى دانانى دیوارێکى کۆنکرێتى کە درێژییەکە ٢٤٢ کیلۆ مەترە تائێستا بەردەوامە و ١٥٦ کیلۆمەترى دیوارەکە دانراوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ رێگریکردن لە هاتنەناوەوەى کۆچبەران لە ١٣ى مانگى رابردوەوە رێوشوینەکانى کۆنتڕۆڵکردنى سنورەکانیان لەگەڵ ئێران توندتر کردووە، ئەمەش بۆ رێگریکردن لە هاتنە ناوەوەى بەلێشاوى کۆچبەرانى ئەفغانى.
لەو چوارچێوەیەشدا ٧٥٠ کەس لە هێزى تایبەتى سەر بە پۆلیس و ٥٠٠ کەس لە پاسەوانى گوند لە سەر سنورەکانیان لەگەڵ ئێران جێگیرکراون.
کورشات ئاشکراشیکرد، لەماوەى ئەمساڵدا رێگرى لە هاتنى٢٨٠ هەزار و ٣٧٤ کۆچبەرى نایاسایى کراوە بۆ هاتنەناوەوەیان بۆ خاکى تورکیا کە زۆربەیان ئەفغانى بوون.
ئەوە لە کاتێکدایە، سەرەڕاى جیبەجێکردنى چەندین رێکارى توند بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران بەتایبەت کۆچبەرانى ئەفغانى کە لە چەند مانگى رابردودا شەپۆلێکى گەورە روى لە تورکیا و ئێران کرد، بەشێوەیەک بەپێى ئامارە نافەرمییەکان رۆژانە ٥٠٠ بۆ ١٠٠ کۆچبەرى ئەفغانى لە رێڕەوى ئیرانەوە چونەتە ناو خاکى تورکیا.