بڕیارە نیوزلەندا سزای نوێ بە سەر ڕووسیادا بسەپێنێت
پەیامی کورد... بڕیارە نیوزلەندا سزای نوێ بە سەر ڕووسیادا بسەپێنێت
ڕۆژی دووشەممە حکومەتی نیوزلەندا پرۆژە بڕیارێک پێشکەش دەکات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی هێزەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکراینا.
ئەگەر پرۆژەکە پەسەند بکرێت، ئەوا ئەمە یەکەمین جار دەبێت نیوزلەندا بە تەنیا سزا بەسەر وڵاتێکدا بسەپێنێت.
سەرۆک وەزیری نیوزلەندا جاسیندا ئاردێرن وتی سزاکان ڕێگە بە نیوزلەندا دەدەن سەرمایەی ڕووسییەکان لە وڵاتەکە سڕ بکەن و هەروەها دەتوانین لەڕێی سزاکانەوە لەسەر خەڵک و کۆمپانیاکانی قەدەخە بکەین نەتوانن پارە و سەرمایەکانیان لێرە بگوازنەوە بەمەبەستی خۆدزینەوە لە سزاکانی وڵاتانی دیکە. هەروەها ڕێگەمان دەدات نەهێڵین کەشتییە گرانبەها و کەشتییە ئاساییەکان و فڕۆکە ڕووسییەکان بێنە ئاو و ئاسمانی وڵاتەکەوە.
هەروەها لیستێکیشی بڵاوکردەوە کە تێیدا گەشتکردنی 100 کەسی ڕووسی بۆ نیوزلەندا قەدەخە دەکات.
پێشتر نیوزلەندا تەنیا لە کاتێکدا توانیویەتی سزاکان جێبەجێ بکات کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشتر سزاکانی سەپاندبێت. ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت سزا بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت چونکە ڕووسیا ئەندامە لە ئەنجوومەنەکەدا و دەسەڵاتی بەکارهێنانی مافی ڤیتۆی هەیە دژی هەر بڕیارێک کە لە ئەنجوومەنەکەدا دەردەچێت.
ئاردێرن وتی " لە کۆتایدا ئەگەر ئەنجوومەنێکی ئاسایشمان هەبووایە و لەمەی ئێستا چالاکتر ببووایە ئەوا ئێستا ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە نەدەبووینەوە."