بەرپرسێکی سوپای پاسداران: وڵاتانی ناوچەکە هەورەکانی ئێران دەدزن!
پەیاما کورد ـ فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئێران کە سەرۆکی ڕێکخراوی "قەڵغانی ناکاریگەرە" گۆڕانکارییە سروشتییەکان لە ئێران بە جێ گومان لەقەڵەم دەدات و دەڵێت دەستی وڵاتانی بیانیی تێدایە و هەوری ئاسمانی ئێران دەدزن.
لیوا غوڵامڕەزا جەلالی، ئاماژەی بەوەش کردووە: "چەند تیمێکی هاوبەش لە ئیسرائیل و وڵاتێکی دراوسێ، دەستیان کردووە بە یەک و ئەو هەورانەی ڕوو لە ئاسمانی ئێران دەکەن، نەزۆک و پەک دەخەن و جیا لەمانە ئێمە ڕووبەڕووی دزینی هەور و بەفریش بووینەتەوە".
لە کاردانەوە بەو قسانەی ئەو فەرماندەی سوپای پاسداران، ئەحمەد وەزیفە، کاناسێکی باڵای کەشناسیی ئێران ڕای گەیاندووە: "ئەو گوتە و ڕانگەیەی جەلالی هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە و بەپێی زانیارییە کەشناسییەکان، ئەگەری ئەوەی کە وڵاتێک، بەفر یان هەور بدزێت لە ئارادا نییە".
ئەو کارناسەی بواری کەشوهەوا دەڵێت: "ئەگەر بێت و هەور ڕێژەی شێداریی پێویستی هەبێ، دەبێتە هۆی بارینی بەفر و باران و ئەگەریش شێی نەبێت، هیچ ڕوو نادات و ئێران تووشی وشەکساڵیی چەندین ساڵە بووەتەوە و ئەمە پرس و ڕەوتێکی ژینگەیی جیهانییە و پەیوەندیی بە کۆی گۆی زەوییەوە هەیە و تەنیا ئێران نییە".
هەرچەند زانست و تەکنۆلۆژیای کەشناسی لە هەندێ وڵاتی پێشکەوتوو هێندە پێش کەوتووە کە هەندێ وڵات هەوری ئاسمانی خۆیان وا لێ دەکەن کە باران ببارێت، یان بە سازکردنی هەوری دەسکرد باران ساز دەکەن، بەڵام دەستێوەردان لە دۆخی کەشوهەوا و هەوری ئاسمانی وڵاتێک کە کارێک بکرێ هەورەکان نەزۆک ببن و نەبنە هەور، پرسێکی تازەیە.
چەند هەفتە لەمەوبەر جووتیار و وەرزێڕانی ئێران دەستیان دایە ناڕەزایی و خۆپیشاندانیان ڕێکخست و حکوومەتیان لە بەرانبەر بێ ئاوی ووشکەساڵی بە کەمتەرخەم و تاوانبار لە قەڵەم دا.
دوو هەفتە لەمەوبەر نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕای گەیاند: "ئێمە جووتیارانی ئیران بەو تەکنەلۆجیایە ئاشنا دەکەین کە چۆن بەروبومی کشتوکاڵی خۆیان لە وشکەساڵی ڕزگار بکەن، هاوکات ئیسرائیل سایتێکی بە زمانی فارسی بۆ ئەو ڕێنوێنیانە کردووەتەوە لەبارەی ڕووبەڕوو بوونەوەی وشکەساڵی کە ئێرانی خستووەتە بەردەم هەڕەشەیەکی جیدییەوە، زانیاری بۆ جووتیاران بڵاو دەکاتەوە و ئەمەش هێندەی دیکە بەرپرسانی ئێرانی تووشی شڵەژان کردووە.
قەڵغان و بەرگریی ناکردە، (passive defense) جۆرێکە لە بەرگریی ناسەربازی و بەو کۆمەڵە هەوڵ و کۆششانە دەگوترێت کە پێویستیان بە ئامرازەکانی جەنگ نییە و بە جێبەجێکردنی دەکرێ پێش بەو خەسار و زیانانە بگیرێت کە بەر کەلوپەل و ئامێرە تەکنۆلۆژیا سەربازی و سڤیلی و مرۆییەکان دەکەون و بەو چەشنە دەکرێت پێش بە کارەساتە مرۆییەکان بگیرێت، یان لانیکەم زیان و خەسارەکان بگەیەننە کەمترین ئاست.
بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەرگریی ناکردە چەندان ڕێکاری وەک "خۆداپۆشی، بڵاوەپێکردن، فریودان، دۆزینەوەی شوێن، توانایی ژیان و گوزەران، داشاردن و حەشاردان و مانکێتی فریودەرانە" و چەند کەرەسەیەکی بەرگری لەبەردەست دان، کە ئیرانیش چەن ساڵێکە ناوەند و ڕێکخراوێکی لەم چەشنەی داناوە کە پێش بە کارەساتە مرۆیی و سروشتییەکانی وەک، لافاو، بوومەلەرزە بگرێت، بەڵام ساڵانە لە ءێران بە دەیان حاڵەتی لەو چەشنە روو دەدەن و ئەو سامەزراوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە.
ئێستا هێنانە بەرباسی ئەم پرسە لەلایەن بەرپرسی ئەو ڕێکخراوەوە لە کاتێکدا کە نزیکەی 20 پارێزگای ئێران ڕووبەڕووی قەیرانی وشکەساڵی بوونەتەوە و هاوکات پارێزگای خووزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوەوە تووشی قەیران بووە و خەڵک چەند ڕۆژێکە دەستیان کردووە بە خۆپیشاندان، دەکرێ وەڵامێک بێت بەو قسانەی نەتانیاهۆ کە ڕای گەیاندبوو ئەوان دەتوانن یارمەتیی چارەسەکردنی قەیرانی بێ ئاوی و وشکەساڵیی جووتیارانی ئێران بکەن.