TR KU SO
FB X
Cîhan

بەشە ئاوی عێراق لە ئێرانەوە گەیشتووەتە سەر سفر

Navas Jan
Admin
📅 12 Temmuz 2021 13:39

پەیامی کورد … بەشە ئاوی عێراق لە ئێرانەوە گەیشتووەتە سەر سفر

 

حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، بەردانەوەی بەشە ئاوی وڵاتەکەی لە ئێرانەوە هاتووەتە سەر سفر، بۆیە بەم نزیکانە پەنا بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەبات، لە پێناو دابەشکردنی زیانەکان و بەردانەوەی بەشە ئاوی وڵاتەکەی بە گوێرەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.

 

مەهدی رەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ ئێران و تورکیادا کردووە، بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر پرۆتۆکۆلی دابەشکردنی ئاو، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان لەو وڵاتانەوە دەستنەکەوتووە.

 

حەمدانی ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت دۆخەکە بەوشێوەیە و بێ ڕێککەوتن بەردەوام بێت، سەبارەت بە بەردەوانەوەی بەشە ئاوی عێراق لە وڵاتانی ئاوڕێژەوە.

 

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕوونیکردەوە، کێشەکە زیاتر لە پارێزگای دیالەی باکوری بەغدای پایتەخت زیاترە، بەشێوەیەک ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە بڕینی بەشە ئاوی ڕوباری سیروان و کارون و کەرخە، ئەوان دۆخەکە بەرەو کارەستبار دەڕوات.

 

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەو وەزیرەی عێراق باسی لەوە کرد، چەند ڕێوشوێن و چارەسەرێکیان گرتووەتە بەر، بە مەبەستی کەمکردنەوەی زیانەکانی کەمئاوی لە پارێزگای دیالە، بە تایبەت گلدانەوەی ئاو بۆ پلانی هاوینە و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە.

 

ئەو داوایەی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هەریەکە لە وڵاتەکانی میسر و سودان، داوایان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر، بۆ چارەسەرکردنی پڕکردنی قۆناغی دووەمی بەنداوی نەهزەی ئەسیبویا، کە لەسەر  ڕوباری نیل دروستکردووە و هەردوو وڵات پێیان وایە کێشەی کەمئاویان بۆ دروست دەکات.

 

بە درێژای مێژووی سەدان ساڵە، ڕوبارەکانی دیجلە و فوڕات بە  شادەماری ژیان لە عێراقدا ناسراوە، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی دروستکردنی چەندین بەنداو و پڕۆژەوە لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بەشە ئاوی ئەو وڵاتە بەتەواوی کەمبووەتەوە.

 

Paylas: