TR KU SO
FB X
Cîhan

بەشوودانی کچانی مێرمنداڵ لەئێراندا ٣٣٪ زیادی کردووە

Navas Jan
Admin
📅 22 Kasım 2021 17:47

پەیامی کورد … بەشوودانی کچانی مێرمنداڵ لەئێراندا ٣٣٪ زیادی کردووە

بەپێی ئامارێکی ئاژانسی ئیسنا-ی ئێرانی، لە بەهاری ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی 10 ‏هەزار کچی تەمەن 10 بۆ 12 ساڵ لەلایەن خانەوادەكانیانەوە بەشوودراون.‏

ئاماری ئاژانسەکە نیشانی دەدات، لەماوەی نزیكەی 9 مانگی سەرەتای ساڵی هەتاوی، 9 ‏هەزار و 753 کچی منداڵ لەلایەن کەسوکاریانەوە بەشوودراون، لە کاتێکدا ئەو کچانە ‏تەمەنی یاساییان بۆ هاوسەرگیری تەواونەکردووە  و لەنێوان 10 تا 12 ساڵدا بوون.‏

بەپێی ئامارەکە، ئەو ڕێژەیە بەراود بە ساڵانی ڕابردوو 33% بەرزبووتەوە و لە چەند ‏ساڵی ڕابردووی ئێراندا هاوشێوەی نەبووە.‏

ئاژانسی ئیسنا ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەو کچانەی تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 19 ساڵدا ‏بووە و شوویانکردووە، لەماوەی ئەو چەند مانگەدا ژمارەیەن 45 هەزار و 522 کچ ‏بووە.‏

ئامارەکانی ئاژانسەکە تەنها ئەو هاوسەرگیرییانە دەگرێتەوە کە لە فەرمانگەکانی سەر بە ‏پارێزگاکان تۆمارکراون، بەپێی دابونەریتی چەندین ناوچەی ئێران، سەدان بەشوودانی ‏دیکە هەن، کە لە فەرمانگەکاندا تۆمارناکرێن و لەلایەن مامۆستای ئایینی ناوچەی ‏خۆیانەوە کاری مارەبڕینەکەیان بۆدەکرێت.‏

ئەو تەمەنەی بەپێی یاساکانی ئێران دانراوە بۆ هاوسەرگیریی کچان، لە تەمەنی 13 ساڵیدا ‏دەتوانن شوبکەن و کوڕانیش لە تەمەنی 15 ساڵیدا دەتوانن هاوسەرگیری بكەن.‏

ئەگەرچی تەمەنی 13 ساڵی بۆ شوکردنی کچان دانراوە، بەڵام یاساکان ناڕاستەوخۆ ‏هاوکاری دەکەن، ئەگەر کچێک 9 ساڵی تێپەڕاندبێت، بە ڕەزامەندیی کەسوکاری کچ و ‏کوڕەکە هاوسەرگیرییەکە ئەنجامبدرێت.‏

 

Paylas: