بازرگانێکی ئەڵمانی بەهۆی پێدانی ئامێری چاپی دراو بە سوپای پاسداران، بە زیندان مەحکووم کرا
پەیامی کورد ... بازرگانێکی ئەڵمانی بەهۆی پێدانی ئامێری چاپی دراو بە سوپای پاسداران، بە زیندان مەحکووم کرا
بازرگانێک لە ئاڵمانیا بەهۆی دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران و پێدانی ئامێری چاپی دراو بە سوپای پاسداران، بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.
ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕ، بازرگانێکی ٤٣ ساڵە بەهۆی دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران و یارمەتیدانی سوپای پاسداران، لەلایەن دادگای "فرانکفۆرتـ"ـەوە بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.
حوکمی دادگای فرانکفۆرت ٢ ساڵ کەمتر لە سزایەکە کە کەسی تاوانبار لە یەکەمین دادگاییدا لە ساڵی ٢٠١٨دا وەریگرتووە.
لەو کاتەدا دیوانی باڵای تاوانە ئاسایی و جەناییەکانی ئاڵمانیا بەشێک لەو حوکمەی هەڵوەشاندبووەوە، لە ئێستادا دادگای فرانکفۆرت بۆ دابەزاندنی ماوەی حوکمەکە، دانپێدانانی تاوانبارەکەیان لەبەرچاو گرتووە کە لە دادگای سەرەتاییدا ئەو خاڵە نەکەوتووەتە بەر باس.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دادگا، تاوانبارەکە لە نایاسایی بوونی کارەکەی خۆی ئاگادار بووە و ویستوویەتی لە ڕێگای مامەڵەیەکی ملیۆنییەوە شیرکەتەکەی خۆی کە پێشتر لەگەڵ کێشەگەلی ئابووری بەرەوڕوو بووە، لە کێشە دەرباز بکات.