دواهەمین دەرفەتی ڕابەری کۆریای باکوور بە ئەمریکا
پەیامی کورد ... کیم جۆن ئۆن سەرۆکی کۆریای باکوور ڕایگەیاند : تەنها تاکۆتایی ئەمساڵ چاوەڕێی ئەمریکا دەکات .
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، ئەمڕۆ شەممە میدیای فەرمی کۆریای باکوور بڵاویکردوەتەوە، کیم جۆن ئون رایگەیاندوە، "تەنها کاتێک گفتوگۆکانی لەگەڵ دۆناڵد ترمپ دەستپێدەکاتەوە کە بەبیر و بۆچونێکی کراوەترەوە داوای گفتوگۆ بکات بۆ ئەو مەبەستەش تەنها تاکۆتایی ئەمساڵ چاوەڕێی ئەمریکا دەکات".
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی (KCNA)، کە میدیای فەرمی کۆریایە، کیم جۆن ئون دوێنێ هەینی لە کۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای خەڵک رایگەیاندوە، پێویستە ئەمریکا دەستبەرداری ئەم پلانەی ئێستای بێت، کە دەیەوێت لەگەڵ کۆریا کاری لەسەر بکات و بەپلانێکی نوێوە بێتەوە مەیدانی گفتوگۆکان.
تا ئێستا کیم جۆن ئون و دۆناڵد ترامپ دو جار کۆبونەتەوە، جاری یەکەم لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2018 لە سینگاپوور کە ئومێدێکی زۆری بۆ کۆبونەوەی دوای خۆی بەجێهێشت، دوەمجاریش لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام کۆبونەوە، کە تیایدا بەبێ هیچ رێککەوتنێک و بەرلەوادەی دیاریکراوی خۆی کۆبونەوەکەیان بەجێهێشت.
دواتر زانیارییە رۆژنامەوانییەکان باسیان لەوەکرد، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای رادەستکردنی تەواوی چەکە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکووری کردوە، بەرلە هەڵگرتنی سزاکان و کیم جۆن ئونیش داوای هەڵگرتنی تەواوی سزاکانی کردوە.