دوو ئەندامی سنوورپارێزی ئێران لە ناوچەیەکی عەرەبنشین کوژران
پەیامی کورد ... دوو ئەندامی سنوورپارێزی ئێران لە ناوچەیەکی عەرەبنشین کوژران
بە وتەی فەرماندەی سنوورپارێزی پارێزگای خووزستانی کە پارێزگایەکی عەرەبنشینی ئیرانە، ئێوارەی دوێنێ لە "هوورلعەزیم" ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونیکی نێوان هێزە سنوورپارێزەکانی دەریا لەگەڵ کۆمەڵێک چەکدار، دوو ئەفسەری سنوورپارێزی ئێران کوژراون.
لوتفعەلی پاکباز، بە ماڵپەڕی (ئیرنا)ی ڕاگەیاندووە: "ئەو ڕووداوە ئێوارەی دوێنێ شەممە ٢٦ی ئەیلوول لە کاتی گەشتی هێزێکی سنوورپارێزی دەریاییدا چەند چەکدارێک تەقەیان لە سنوورپارێزەکان کردووە و لە ئەنجامدا دوو ئەفسەر بەناوەکانی "مێقداد بوێر و عەبدوڵا موئمن زادە" کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندار بووە".
ڕووداوەکە لە ناوچەی هوورلعەزیم کە هاوسنووری خووزستان و عێراقە ڕووی داوە، بەڵام هێشتا وردەکاریی ئەو ڕووداوە ئاشکرا نەبووە و ناسنامەی هێرشبەران و ئامانجیان دیار نییە.