فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد تەقێندرایەوە
پەیامی کورد … فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد تەقێندرایەوە
شەوی ڕابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ناو بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری خۆرئاوای عێراق تەقیوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی زیانەکان ئاشکرا نەکراوە.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیانەی کە لەو بارەوە بڵاو بووەتەوە، دوای روداوەکە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناو بنکەی ئاسمانی عەیبن ئەسەد لێدراوە و بە تەواوی داخراوە، دواتریش فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بەشێوەیەکی چڕ و پڕ بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە.
ڕوداوی تەقینەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان لە ناو بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە کاتێکدایە، چەند کاتژمێرێک پێش ڕوداوەکە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندبوو، بە بەهای یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار تەقەمەنی ڕادەستی هێزە عێراقییەکان کردووە لەو بنکەی ئاسمانییە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد، کە هێزەکانی هاوپەیمانان و عێراقییەکان تیای جێگری کراوە، رووبەڕووی هێرشی کاتیۆشا بۆوە.