ئێف بی ئای: ڕووبەڕووی هەموو کردەوە تێکدرانەکانی ڕژێمی ئێران دەبینەوە
پەیامی کورد... ئێف بی ئای: ڕووبەڕووی هەموو کردەوە تێکدرانەکانی ڕژێمی ئێران دەبینەوە
پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا «ئێف بی ئای» لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگایانێکی جۆراوجۆری وەکوو هێرشی سایبێری و کردەوەی تیرۆریستیی، هەڕەشە لە هاووڵاتییانی ئەمریکا دەکات.
ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو ڕێگەیەک کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەمریکا و ئاسایشی ئەو وڵاتە و لە ڕێگەی هێرشی سایبێری و ئیتلاعاتیی دەیەوێت کردەوەی تیرۆریستی و تێکدەرانە ئەنجام بدا و «ئیفبیئای» ی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە کە ڕووبەڕووی هەموو کردەوە تێکدەرانە و تیرۆریستییەکانی ڕژێمی ئێران ببێتەوە و ڕێگە نادات بناغەی ژیانی ئەمریکا بکەوێتە ژێر هەڕەشەی کردەوەی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە، کۆنگرەی ئەمریکا داوای لە ئەورووپا کردووە بە تەواوی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان کە سەر بە ڕژێمی ئێرانە بخاتە لیستی تیرۆرەوە لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانی حیزبوڵڵاوە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە و ئەمریکا دەکات.
ئێف بی ئای وتیشی؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران سیاسەتی سەرکوتکردنی لە ڕێگەی ئەشکەنجە و توند و تیژی بۆ سەر ناڕازییانی ئێرانی لە سەرتاسەری جیهان گرتووەتە بەر، بەتایبەت هەڕەشەکانی خستووەتە سەر ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەمریکا.