TR KU SO
FB X
Cîhan

فەرەنسا: سەربازێکمان لە عێراق کوژرا

Navas Jan
Admin
📅 29 Ağustos 2023 18:06

پەیامی کورد... فەرەنسا: سەربازێکمان لە عێراق کوژرا


کۆشکی ئێلیزێ بڵاویکردەوە، 28ی ئاب سەربازێکیان لە یەکەی دابەزینی ئاسمانی بە ناوی (نیکۆڵاس مازیەر) لەکاتی ئەرکەکەیدا لەگەڵ سوپای عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکی دژ بە تیرۆر لە عێراق کوژراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆکایەتی فەرەنسا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خێزان و خانەوادەی سەربازەکەیان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.

کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا دووپاتیشیکردەوە، هێزەکانی فەرەنسا لە عێراق شان بە شانی سوپای عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبێت.

لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، ئەمە سێیەم سەربازی فەرەنسییە کە لە عێراق گیان لەدەست دەدات، یەکەمیان کە ناوی "باپتیست گاوچۆ" بوو، لە 18ـی ئابی 2023 لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە بەغدا بەسەختی بریندار دەبێت و دواتر لە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات، دووەم رووداوی گیان لەدەستدانیش، سەربازێکی دیکە بوو بەناوی "نیکۆلا لاتۆرت، کە لەکاتی مەشقکردن بە هێزێکی سوپای عێراق بریندار بوو، دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

فەرەنسا یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش؛ بە درێژایی نۆ ساڵی رابردوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکاری سەربازی پێشکەشی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و مەشق و راهێنانی پێ کردوون.

لە ساڵی 2014 و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش؛ فەرەنسا 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی ناردە هەولێر و بەغدا بەمەبەستی مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە، کە دواتر ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی هەزار و 100 سەرباز بەرزبووەوە.

بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا، لە سەرەتای شەڕی داعش لە ساڵی 2014 تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 2022، فڕۆکە جەنگییەکانی فەرەنسا زیاتر لە هەزار و 500 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حەشارگە و بنکە سەربازییەکانی داعش لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە و زیاتر لە دوو هەزار و 250 ئامانجی ئەو رێکخراوە تیرۆریستەی تێکشکاندووە.

Paylas: