جێگیری ئەمنییەتی وەزیری ئێران هەڕەشەی هێرش کردنە سەر بنکە و بارەگاکانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان و بەلووچستان دەکات .
جێگیری وەزیری ئەمنییەتی ئێران " حسێن زوولفەقاری"، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسێکی هەواڵی سەر بە سوپای پاسداران بە ئاماژەکردن بە چالاکییەکانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکوومەتی ئێران لە کوردستان و بەلووچێستان، ڕایگەیاند: "شوێنی ئەم گرووپە تێرۆریستیانە لە هەندێک لە ووڵاتە دراوسییەکانن و ئێمە بە بەرپرسانی ئەم ووڵاتانەمان ڕاگەیاندووە، کە خۆیان لەگەڵ ئەم گرووپە تێرۆریستیانە هەڵسوکەوت بکەن و ئەگەر ئەوان ئەم کارەیان ئەنجام نەدا، ئێمە خۆمان ناچارین بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی ووڵاتەکەمان، بنکەکانی ئەم گرووپە تێرۆریستیانە لە سنوورەکان بکەیەن ئامانج".
هەروەها ڕایگەیاندوە : "ئێمە زانیاریی وردمان هەیە لەسەر پەیوەندیی نێوان گرووپه تێرۆریستییەکان، ئاژانسە ئێستێخباراتییەکانی هەندێک لە ووڵاتان، و هەروەها ئەوانەی کە پشتیوانی لەو گرووپە تێرۆریستیانە و ئەو جموجۆڵانەی کە ئەنجامی دەدەن".
زوولفەقاری باسی لەوەش کردووە، تەنانەت هەندێک لە ئاژانسە ئێستێخباراتییەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم گرووپە تێرۆریستیانەدا لە پەیوەندی دان".
لە لایەکی دیکەوە، "ڕەمەزان شەریف"، ووتەبێژ و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران پاش شەڕ و پێکدادانەکەی شاری مەریوان و کوژارانی زیاتر لە ١٨ کەس لە ئەندامانی سوپای پاسداران، بە هەڕەشەکردن لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕایگەیاند: " هۆشداری بە ڕێکخراو و ئاژانسە ئێستێخباراتییەکانی ووڵاتانی بێگانە دەدەین که تۆڵەی تووند؛ لەم ڕووداوەی دواییدا لە دەستووری کاری شەڕکەرانی ئیسلامدا هەیە و باشترە دەست لە پشتیوانیکردنی ئەو گرووپە تێرۆریستیانە هەڵبگرن؛ چوونکە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی پێکدادانی لەم شێوەیە لەگەڵ مستێکی ئاسنینی هێزە ئەمنییەتی و بەرگرییەکارانەی ووڵات، بە تایبەتی سوپای پاسداران ڕووبەڕوو دەبنەوە و ناچار بە قەرەبووی تێچووی ڕاستەوخۆ دەبن."