هەفتەی داهاتوو ژمارەی دانیشتوانی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕێت
پەیامی کورد... هەفتەی داهاتوو ژمارەی دانیشتوانی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕێت
نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ١٥ی تشرینی دووەمدا ژمارەی دانیشتوانی جیهان بگاتە ٨ ملیار کەس و هەریەکە لە چین و هیندستان بە چڕترین ناوچەکانی دانیشتوان دادەنرێن لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە رووی زۆری ژمارەی دانیشتوانەوە.
بەڕێوەبەرایەتی کارگێڕی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئابوری و کۆمەڵایەتی رایگەیاند، گەشەکردنی ژمارەی دانیشتوانی جیهان لەساڵی ١٩٥٠ـەوە گەشەکردنێکی لەسەرخۆبووە، ئەوەش دوای ئەوەی لەساڵی ٢٠٢٠دا بۆکەمتر لە ١٪ دابەزی.
باسی لەوەشکردووە، پێدەچێت لە ١٥ی ئەم مانگەدا "تشرینی دووەم"؛ ژمارەی دانیشتوانی جیهان بگاتە ٨ ملیار کەس و لەساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە ٨.٥ ملیار کەس و لە ساڵی ٢٠٥٠دا ژمارەکە بگاتە ٩.٧ ملیار کەس.
پێشبینییەکە باسی لە ژمارەی دانیشتووان کردووە تاوەکو ساڵی ٢١٠٠ و ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینیشدەکرێت، لە ساڵی ٢٠٨٠دا ژمارەکە بۆ ١٠.٤ ملیار کەس زیادبکات و هەتا ساڵی ٢١٠٠ ژمارەی دانیشتوان لەو ژمارەیە زۆر زیاتر نەکات.
لە راگەیەندراوەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئەوەش خراوەتەروو، لە چەند دەیەی رابردوودا لە چەندین وڵاتدا ژمارەی لەدایکبوون کەمیکردووە و پێشبینی دەکرێت لەماوەی ساڵانی ٢٠٢٢ هەتا ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتوانی ٦١ دەوڵەت بەرێژەی ١٪ یان زیاتر کەم بکات ئەوەش بەهۆی کەمی رێژەی لەدایک بوون و هەڵکشانی دیاردەی کۆچکردن لەو ناوچانەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە نیوەی زیادبوونی پێشبینیکراوی ژمارەی دانیشتوانی جیهان تا ساڵی ٢٠٥٠ لە هەشت وڵاتدا چڕ دەبێتەوە کە بریتین لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، میسر، ئەسیوپیا، هیندستان، نەیجیریا، پاکستان، فلیپین و تەنزانیا.
هاوکات، پێشبین دەکرێت ژمارە بەتەمەنەکان و ئەوانەی تەمانیان لە سەروی ٦٥ ساڵەوەیە بۆ زیاتر لە١٠٪ بەرز ببێتەوە لە ساڵی ٢٠٢٢دا و لە ساڵی ٢٠٥٠دا بگاتە ١٦٪ی دانیشتوانی جیهان.